کۆمیسیۆن بە دوو رێگە لێکۆڵینەوە لەو وێنە و ڤیدیۆیانە دەکات کە گومان دەکرێت ژیریی دەستکرد بن

26-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە دوو رێگە لێکۆڵینەوە لەو وێنە و ڤیدیۆیانە دەکات، کە وەک سکاڵا لە دژى بەربژێران پێیان دەگات بۆ ئەوەى دڵنیا ببنەوە کە بە ژیریی دەستکرد دروست نەکراون.
 
حەسەن زایر، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو سکاڵایانەى کە پێیان دەگات لە دژى بەربژێران کە لەسەر بنەماى ڤیدیۆ و وێنەن لە لیژنەى ئاسایشى سایبەرى کۆمیسیۆن یەکلا دەکرێتەوە یان دەنێردرێن بۆ دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەى لێ بکەن.
 
هەندێک لە سکاڵاکان لەدژى بەربژێران بۆ دەستپێکردنى بانگەشەى پێشوەختى هەڵبژاردن یان گوتارى هاندەرى تووندوتیژى و ناوزڕاندن، لەسەر بنەماى ڤیدیۆ و وێنە و پۆستەرى بەربژێرانە.
 
حەسەن زایر گوتى: "کۆمیسیۆن بەو دوو رێگەیەوە دەتوانێت ئەوە یەکلا بکاتەوە، ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەى پێیدەگات راستەقینەن یان بە ژیریی دەستکرد دروستکراون."
 
هێشتا بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەستی پێنەکردووە و بەگوێرەى بڕیارەکانى کۆمیسیۆن دەکرێت دواى دەستپێکردنى بانگەشەش سکاڵا لەسەر هەڵسوکەوتى بەربژێران پێشکەش بکرێت بەو مەرجەى بە بەڵگەى سەلمێنراو بێت.
 
لەسەر بنەماى سکاڵایەکى مستەفا سەنەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، سەجا بەیاتى، بەربژێرى هاوپەیمانیى تەفەوق لە پارێزگاى سەلاحەدین لە 24ی ئەیلوول بە بڕیارى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران دوورخرایەوە.
 
پێشتر لە 24ی ئەیلوول سەجا بەیاتى بە رووداوى گوت: "تانە لە بڕیارى دوورخستنەوەم دەدەم لەبەر ئەوەى بڕیارەکە لەسەر بنەماى چەند وێنە و ڤیدیۆیەک بووە لە تۆڕى کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، کە بە ژیریی دەستکرد دروستکراون و لە دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراقیش، لەبارەیەوە تانەم پێشکەش کردووە".
 
11ی تشرینى دووەمى ئەم ساڵ دیارىکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و نزیکەى 8 هەزار کەس خۆیان بەربژێر کردووە، کە تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەى هەموو بەربژێرەکان کۆتایی نەهاتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەتائیبی سەیدولشوهەدا.

کەتائیبی سەیدولشوهەدا: دەستمان لە رووداوەکەی قەزای خەبات نییە و سکاڵا تۆمار دەکەین

ئەنجوومەنی راگەیاندنی کەتائیبی سەیدولشوهەدا لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە باس لە تێوەگلانیان دەکەن لە رووداوەکانی ئەم دواییەی قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر و رایدەگەیێنێت: "ئەو تۆمەتانە بێ بنەمان و بەشێکن لە هەڵمەتێکی رێکخراو دژی ئێمە."