رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە عێراق رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "قبووڵکراو نین."
ئەمڕۆ هەینی د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەڵوێستی عێراق لەسەر لێدوانەکانی ئەمڕۆی نەتەنیاهوو لەبارەی عێراق رایگەیاند، قسەکانی نەتەنیاهوو "رەتکراوەن و قبووڵکراو نین."
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "هێرشکردنە سەر هەر عێراقییەک، هێرشکردنە بۆسەر هەموو عێراق."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی، لە شاری نیویۆرک لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی کرد.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نەخشەیەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پیشانی ئامادەبووانی هۆڵەکە دا و ئەو شوێنانەی ئیسرائیل پێیوایە لە بەرەی ئێراندان، لەسەر نەخشەکە بە سوور رەنگ کرابوون.
لەگەڵ باسکردنی هەر سەرکردەیەک، نەتەنیاهوو بە پێنووسێک لەسەر نەخشەکە نیشانەیەکی بەسەر ناوچەکەیدا دەهێنا.
دواتر هاتە سەر عێراق و گوتی، "ئەو میلیشیایانەی لە عێراق کە لەم کاتەدا پێشیان لێگیراوە، ئەگەر هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، سەرکردەکانی ئەوانیش دەڕۆن."
20ی ئابی 2025، حوسێن موسەوی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا و گوتەبێژی بزووتنەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڕەشەی راستەقینە و بەردەواممان لەسەرە. زانیاریمان لەبارەی هێرشکردنە سەر هێزەکانمان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەدەست گەیشتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ