رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وادەی پەسندکردنی ناوی بەربژێرەکان و دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئاشکرا دەکات و 461 بەربژێریش دوورخراونەتەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی 30ی ئەم مانگە، ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پەسند دەکرێت و رۆژی 01-11-2023 بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات."
لەبارەی بەربژێرە دوورخراوەکان لە هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، "تائێستا 461 بەربژێر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە هۆکاری جیاواز دوورخراونەتەوە، کە زۆربەیان لەسەر لێپرسینەوە و دادپەروەرییە (پەیوەندیی بە بەعسیبوونەوە هەیە)."
دەستەی باڵای لێپرسینەوە و دادپەروەری، دەستەیەکی عێراقییە، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، بەناوی "دەستەی ریشەکێشکردنی بەعس" دامەزرا. دەستەکە بەپێی یاسایەک کار دەکات بۆ ریشەکێشکردن و دوورخستنەوەی بەعس لە ناوەندەکانی دەسەڵات لە عێراق. حیزبى بەعس لەدواى ساڵى 2003 لە عێراق هەڵوەشێندرایەوە و بە یاسا کار و چالاکیی سیاسى لێ قەدەخە کرا. بەشێک لە سەرانی بەعس، لەوانەش خێزانی سەدام حوسێن، پەنایان بۆ ئوردن بردووە.
بڕیارە 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت. دەنگدەران لە 35 هەزار و 553 وێستگەی 7166 ناوەندی دەنگدان دەنگ دەدەن، لەوانە 565 ناوەند و 2367 وێستگە بۆ دەنگدانی تایبەت تەرخانکراون.
سەبارەت بە دەنگدانی ئاوارەکان، عیماد جەمیل گوتی، "ئاوارەکان کە ژمارەیان 40 هەزار کەسە، لە 34 ناوەندی دەنگدان و 120 وێستگە دەتوانن دەنگ بدەن، کە زۆربەیان لە دهۆک و هەولێرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ