رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، "گەندەڵییەکی گەورە" لە بەندەری ئوم قەسری پارێزگای بەسرە ئاشکرا بووە. لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا لە رێگەی دەستکاریکردنی پسووڵە و ساختەکارییەوە زیاتر لە 2 ملیار دینار بەهەدەر دراوە و لەسەر ئەو کەیسەش 19 فەرمانبەر دەستگیرکراون.
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تیمێکی تایبەتی دەستەی دەروازە سنوورییەکان بە هاوکاری دەستەی گشتی باجەکان لە چوارچێوەی ئاشکراکردنی دەستکاری و ساختەکردنی پسووڵەکانی باج لە یەکەی باجی دەروازەی بەندەری ئوم قەسەر، پڕۆسەی وردبینی مانگەکانی کانوونی دووەم، ئایار و حوزەیرانی 2023 تەواوکرد.
بهندهری ئوم قهسر 73 كیلۆمهتر له شاری بهسرهوه دووره و رۆڵی گرنگی لە ئابووریی عێراقدا هەیە. ئوم قەسر گهورهترین بهندهری ئاوی عێراقه و ٪80ـی پێداویستیهكانی ناوخۆی لێوه هاوردە دەکرێت.
عەلائەدین قەیسی گوتی، "لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە لەو سێ مانگەدا 689 ملیۆن و 940 هەزار دینار بەهەدەر دراوە. بەو شێوەیە کۆی بەهەدەردان لە رێگەی دەستکاریکردن و ساختەکردنی پسووڵەی باجەوە لە مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات، ئادار، نیسان، ئایار، حوزیرانی 2023 گەیشتە 2 ملیار و 20 ملیۆن و 147 هەزار دیناری عێراقی."
گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق باسی لەوەشکرد، "ئەو کەسانە دەستکاریی بڕگەی پارە وەرگیراو و پسووڵەکانیان کردووە و بڕە پارەیەکی زۆریان بۆ خۆیان بردووە. لەسەر ئەو بنچینەیەش دادگە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 19 فەرمانبەری یەکەی باجی بەندەری ئوم قەسر دەرکردووە."
لە عێراق 24 دەروازەی سنووری هەیە. لەبارەی گەڕانەوەی پارە و دەستگیرکراوەکان، عەلائەدین قەیسی گوتیشی، "ئێمە لایەنی پەیوەندار نین. دۆسیەکە لە دادگەیە؛ وردەکاریی و تێوەگلاوەکان لە دادگایە؛ دادگە بڕیار و رێکاری یاسایی خۆی دەگرێتەبەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ