رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە مانگ و نیوێک لەبەردەم هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دایە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیران و پێشبینی دەکەن تاوەکو مانگەکانی شوبات یان ئاداری 2026 حکومەت پێکبهێنرابێت، بەڵام بۆ ئەوە چاوەڕێی سازانی سوننەن لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و کوردیش لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار.
26ی تشرینی دووەمی 2025، عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، لە بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو رایگەیاند: دوو لیژنەکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاوتەریب کار دەکەن و لیژنەی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران بڕیار نادات، بەڵکو پێوەری داناوە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکات، جگە لە پێشینەی کاندیدەکە، بۆ ئەوەیە بزانێت تێڕوانینی ئەو کاندیدانە چۆنە لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی لەبەردەم عێراقن.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا، یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
عەلی دیفاعی رایگەیاند: "بەگوێرەی ماوە دەستوورییەکان زیاتر لە مانگ و نیوێکیان لەبەردەمدایە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی کاتێکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدەکان بکات و دەرگاش لەبەردەم هەموو کەس کراوەیە بۆ ئەوەی خۆیان پێشکێش بکەن، پێوەرەکان دیارن و چاوپێکەوتنەکان وردن."
بەگوێرەی مادەی 54ی دەستووری عێراق، لەدوای پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆککۆمار لە ماوەی 15 رۆژدا مەرسوومی کۆماری بۆ کردنی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەردەکات و تێیدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، دواتر لە ماوەى سێ رۆژدا سەرۆککۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت و ئەویش کاندیدی سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی گوتی: "بەگوێرەی ماوە دەستوورییەکان پێشبینی دەکەین تاوەکو مانگی شوبات یان ئادار حکومەتی نوێ پێکهێنرابێت، بەڵام لە هەمان کاتدا چاوەڕێی سوننەین لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و کوردیش لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار بسازێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ