رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانی نەبنی، پێیوایە چارەسەر و کۆتاییهاتنی ئەو "هێرش و پەلامارانەی ئەمریکا بۆ سەر چەکدارانی حەشدی شەعبی"، دەرچوونی هێزی بیانی و بەدیهێنانی سەروەری تەواوی عێراقە و دەشڵێت، "پێویستە حکومەت کاتێک دیاری بکات بۆ دەرچوونی ئەو هێزانە لە نزیکترین کاتدا".
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی نەبنی رۆژی سێشەممە، 26-12-2023، لە راگەیێندراوێکدا لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند پێگەیەکی حەشدی شەعبی گوتی، "پێویستە حکومەت کاتێک دیاری بکات بۆ دەرچوونی ئەو هێزانە لە نزیکترین کاتدا، بوونی ئەو هێزانە پێویست نییە، بەڵکو بوونیان فاکتەری وێرانبوونی وڵات و کوشتنی رۆڵەکانییەتی".
هەر لەوبارەوە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق رایگەیاند، "ئەو هێرشە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بوونی ئەمریکا لە عێراق بەتایبەتی و ناوچەکە بە گشتی هەڕەشەیە بۆسەر شکۆ و سەروەری و حورمەتی گەلان. دەبێت بە هەموو رێگایەکی بەردەست بکرێنە دەرەوە، بەتایبەتی ئێمە لە سەروبەندی یادی چوارساڵەی دەرچوونی بڕیاری پەرلەمانی عێراقین بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی یەکێتی و سەروەریی نیشتیمان و دوورخستنەوەی پیلانگێڕی وڵاتانی پیسی خۆبەزلزان".
نووسینگەى رۆژنامەڤانى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لەو هێرشانەدا کارمەندێکى هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و 18ی دیکە بریندار بوون و دەڵێت، "سەرکۆنەى هێرشەکە دەکەین کە پێگەى سەربازیى عێراقى کراونەتە ئامانج و ئەوەى روویدا کارێکى دوژمنکارانەى روونە و لە بەرژەوەندیى رێچکەى هاوبەشى بەرژەوەندى درێژخایەن نییە بۆ هێنانە کایەى ئارامى و سەقامگیری. ئەو هێرشانە زیان بە پەیوەندى دوو قۆڵى نێوان هەردوو وڵات دەگەیێنێت."
موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکا دەکەن لە دژی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک پارێزگا، ئەمە پێشلکارییەکی مەترسیدارە و دەستدرێژییەکی زەقە بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی وڵات و بە هەموو پاساوێک رەتیدەکەنەوە.
رۆژی سێشەممە، 26-12-2023، بزووتنەوەی نوجەبا، یەکێک لە میلیشیاکانی عێراق، کە خۆی بە گرووپێکی "مقاوەمە دەناسێنێت"، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگاکانی واست و بابل بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "جارێکی دیکە داگیرکاری ئەمریکا سەروەرەی عێراق پێشێل دەکات لە رێگەی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی هێزەکانی پۆلیس و حەشدی شەعبی و دامەزراوە مەدەنییەکان لەو ناوچانەی شوێنی نیشتەجێبوونن."
بزووتنەوەی نوجەبا دەڵێت، "ئەو رەفتارە جارێکی دیکە سەلماندی بوونی ئەمریکا لە عێراق شەڕکەرانەیە نەوەک راوێژکاری وەکو ئەوەی داگیرکار خۆی بۆ شێواندن بانگەشەی بۆ دەکات."
باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا ئەمڕۆ سێشەممە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان وەکو میوانی حکومەت لە عێراقن، لەبەرئەوە هێرشکردنە سەریان هێرشکردنە سەر عێراقە و ئەم هێرشانەش کە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە دەکرێت دەبێت بووەستێندرێن".
دوای نیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.
لە بەرامبەردا، بە گوتەی مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سوپای ئەو وڵاتە کاژێر 4:45ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە بە کاتی هەولێر، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر سێ شوێنی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، کە بەگوتەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کوژرانی چەکدارێک و برینداربوونی 24 چەکدار و سەربازی دیکەی لێکەوتووەتەوە.
لەبارەی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر کەتائیبی حیزبوڵڵا، مایکڵ کوریلا گوتی "ئامانج لەم هێرشە ئاسمانییانە لێپرسینەوەیە لەو لایەنانەی بەرپرسیاری راستەوخۆی هێرشەکانی سەر هێزەکانی هاوپەیمانن لە عێراق و سووریا، بۆ ئەوەی توانای هێرشبردنیان لاواز بکەین. ئێمە هەمیشە هێزەکانمان دەپارێزین."
لە بارەی سەربازە بریندارەکانی وڵاتەکەی، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی "نزام بۆ ئەو ئەمریکییە قارەمانانەیە، کە بریندار بوون."
ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە هەولێر ئاگادارکراوەتەوە و ئەویش فەرمانی بە پێنتاگۆن کردووە ئامادەکاری بکەن بۆ وەڵامدانەوە دژی ئەو لایەنانەی بەرپرسن.
ئەدریێن واتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی "سەرۆک هیچ شتێک لە سەرووی پاراستنی هێزە ئەمریکییەکانەوە دانانێت، کە لەژێر مەترسیدا خزمەت دەکەن. ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، ئەمریکا لە کات و بە رێگەی هەڵبژێردراوی خۆی هەنگاو دەنێت."
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا لە حلەی ناوەندی پارێزگای بابل کوژراوە.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی 20 کەسی دیکە کە هەشتیان ئەندامی هێزە چەکدارەکانی عێراقن. هاوکات، چوار چەکداریش لە پارێزگای واست لە باشووری عێراق بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ