عێراق 200 لیتر وەک پشکى ئاوى رۆژانە بۆ هەر هاووڵاتیيەک دیاریدەکات

26-12-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەى باڵاى ئاو لە عێراق پێشنیاز دەکات 200 لیتر وەک پشکى هەر هاووڵاتییەک لە ئاو دیاریبکرێت و ئەگەر لەو بڕە زیاترى بەکارهێنا، پارەى زیاترى لێ وەربگیرێت.
 
خالید شیمال، گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لیژنەى باڵاى ئاو لە عێراق پێشنیازێکى ئامادەکردووە بۆ دیاریکردنى پشکى هەر هاووڵاتیيەک لە بەکارهێنانى ئاو لەسەر بنەماى ستانداردێک کە لە هەندێک وڵاتى جیهان پەیڕە و دەکرێت کە رۆژانە 200 لیتر ئاوە بۆ هەر هاووڵاتیيەک".
 
بەگوێرەى رێکارەکانى حکومەتى عێراق، 100 دینار دیاریکراوە بۆ یەک مەتر سێجا ئاو کە لە هاوبەشانى ئاوى ماڵان وەردەگیرێت.
 
خالید شیمال گوتى: "پێشنیازەکە پێویستى بە بڕیارى کۆتایی هەیە و وردەکارییەکەى بەشێوەیەکە ئەگەر هاوڵاتیيەک رۆژانە زیاتر لەو 200 لیتر ئاوە بەکاربهێنێت، پەیوەستبوونى دارایی بچێتەسەر و پێوەرى هاوشێوەش بۆ ئاوى بەکارهاتوو لە بوارى ئاودێريى و کشتوکاڵ دیاری بکرێت".
 
بەگوێرەى پێشنیازەکە، ئەگەر خێزانێک لە پێنج ئەندام پێکبێت، مانگانە سێ هەزار ديناریان لێ وەردەگيرێت لە بەرامبەر بەکارهێنانى ئەو بڕە ئاوەی بۆیان دیاری کراوە، بەڵام ئەگەر بڕى بەکارهێنانى ئاویان زیاتر بوو لەوەى دیاریکراوە و گەیشتە سەروو 470 لیتر بەشێوەیەکى رۆژانە، ئەوکاتە پارەى ئەو 270 لیتر ئاوەى دیکە زیاد دەکرێت بۆ 1620 دینار و پارەى زیادەى مانگانەى ئاوەکە بۆ خێزانێکى پێنج کەسى دەگاتە زیاتر لە هەشت هەزار دینار.
 
یەدەگى ئاوى عێراق لە ساڵى 2023دا بۆ حەوت ملیار مەتر سێجا کەم بووەتەوە، لەکاتێکدا ساڵى 2020 بڕەکەى نزیکەى 60 ملیار مەتر سێجا بووە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."