رێناس جانۆ: باوەڕمانوایە باشتر لە یەکێتی دەتوانین پۆستی سەرۆککۆمار بەڕێوەببەین

27-01-2022
هێمن بابان رەحیم
رێناس جانۆ: باوەڕمانوایە باشتر لە یەکێتی دەتوانین پۆستی سەرۆککۆمار بەڕێوەببەین
رێناس جانۆ: باوەڕمانوایە باشتر لە یەکێتی دەتوانین پۆستی سەرۆککۆمار بەڕێوەببەین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی سوورن لەسەر ئەوەی هەر یەکێکیان بە بەربژێری خۆیانەوە بچێتە نێو هۆڵی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە رۆژی هەشتی شووباتی داهاتوو سەرۆککۆماری تێدا هەڵبژێردرێت.

 
26 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێرکردووە، 11یان کوردن، لەنێویاندا هۆشیار زێباری بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرهەم ساڵح، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، کە چانسی بەدەستهێنانی پۆستەکە لەلای ئەمانە زیاترە تاوەکو بەربژێرەکانی دیکە.
 
رکابەرایەتیی ئەو دوو بەربژێرە تاوەکو دێت چڕتر دەبێتەوە، بەتایبەت پارتی و یەکێتی هیچیان ئامادەی سازشکردن بۆ یەکدی نین و هەریەکەیان خۆی بەشایستەتر دەزانێت بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، بۆ ئەوەشیان یەکێتی پشت بە رێککەوتنەکانی پێشتر دەبەستێت و پارتیش بەسەنگی پەرلەمانی دەیەوێت بچێتە رکابەرییەکەوە. لەگەڵ ئەوانەشدا هێشتا کات بۆ سازشکردن بۆ یەکدی ماوەتەوە.
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "لە ئەنجامی سەردانەکانی ئێمە بۆ لای رەوتی سەدر بەگشتیی و هەردوو بەرەی شیعە و سوننە، داوامان لێکردوون دەنگ بە بەربژێرەکەی ئێمە کە د. بەرهەم ساڵحە بدەن."
 
گفتوگۆ و هەوڵەکانی پارتی و یەکێتی بۆ دۆزینەوەی بەربژێرێکی یەکگرتووی جێ رەزامەندیی هەردوولایان گەیشتە بنبەست و هەردوولایەن یەکتر بەپێشێلکردنی یەکڕیزی و هۆکاری پەرتەوازەیی کورد لەبەغدا تۆمەتباردەکەن.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان کە تێبینی لەسەر بەربژێرەکەی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەیە، پشت ئەستوورە بە رێککەوتنی لەگەڵ رەوتی سەدر و سوننەکان و دەڵێت، نزیکە لەبەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار، یەکێتیش کە نزیکە لەچوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە، بەباوەڕبەخۆبوونەوە باس لە سەرکەوتنی بەربژێرەکەی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکات.
 
رێناس جانۆ، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی لە بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، "لە ماوەکانی رابردوو ئەو پۆستە لە دەستی برادەرانی یەکێتیدا بووە، ئێمە وەکو پارتی ئومێدمان وایە کە دەتوانین باشتر ئەو پۆستە بەڕێوەببەین، زۆرجار لایەنە عێراقییەکان گلەیی لەئێمە دەکەن کە بۆچی وەکو پێویست ناچینە بەغدا، پارتی ئەمڕۆ بەجیددی هاتووەتە سەرخەت."
 
رێناس جانۆ، گوتیشی، "لەلایەکی دیکەوە لە هەرێمی کوردستان کە پارتی 45 کورسیی لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، حکومەت لەدەستی پارتیدایە. رەنگە ئەو لێکتێگەیشتنەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پێویستی بە ئامادەبوونی زیاتری پارتی هەبێت." 
 
هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق هەنگاوی دووەمی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەیە کە لەبارەی حکومەتی داهاتوو و پێکهێنان و بەشداربووەکانی دەکرێت، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چەندین گرێ دەکاتەوە و نەخشەی سیاسیی عێراق یەکلاییدەکاتەوە، چونکە سەرۆککۆمار لەدوای هەڵبژاردنی دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە