رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بۆ تۆمارکردنى تێبینییەکانى لەسەر پڕۆژەیاسای مافى بەدەستهێنانى زانیارى کۆدەبێتەوە، جێگرى سەرۆکى لیژنەکە دەڵێت: "تێبینییەکان لەبارەى ئەو رێکارە ئەمنییانە دەبێت، کە لە پڕۆژەکەدا هاتووە".
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بڕیارە کۆبوونەوەی لیژنەکەیان لەسەر ئەو بابەتە 28ى شوبات بکرێت.
سەگڤان سندى ئاماژەى بەوەدا، لەو کۆبوونەوەیەدا تێبینییەکانیان لەبارەى رێکارە ئەمنییەکانى نێو پڕۆژەیاسای مافى بەدەستهێنانى زانیارى تاوتوێ دەکەن بۆ ئەوەى بیدەنە لیژنەى پەیوەندار بە پڕۆژەیاساکە.
پڕۆژەیاسای مافى بەدەستهێنانى زانیارى لە 14ى کانوونى دووەم لە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا.
لەو پڕۆژەیاسایەدا رێکارەکانى بەدەستهێنانى زانیارى بۆ رۆژنامەنووسان، چالاکڤانان و هاووڵاتى ئاسایی خراونەتەڕوو لەگەڵ ئەوەى رێکارى یاساییش بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە ئەو بەڵگەنامانە بڵاودەکەنەوە کە بەگوێرەى پڕۆژەیاسایە دەچنە چوارچێوەى زانیاریە نهێنییەکانەوە.
زانیارى لەبارەى هێزە چەکدارەکان و ئاسایشى دەوڵەت و سیاسەتى دەرەکى و بەڵگەنامە نهێنییەکان و کۆنووسی کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى وەزیران لەو زانیاریانەن کە یاساکە قەدەخەى کردووە بخرێتە بەردەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ