عێراق

ئەحمەد فەکاک بەدرانى، وەزیرى رۆشنبیرى و گەشتوگوزار و شوێنەوارى عێراق لە دیمەشق بانگھێشتنامە رادەستى ئەحمەد شەرع دەکات.
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى عێراق بەشێوەیەکى فەرمى بانگھێشتنامەی رادەستى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر کرد بۆ بەشداریکردن لە لووتکەى عەرەبی کە بڕیارە لە بەغدا بەڕێوەبچێت.
ئەو بانگهێشتنامەیە ئەمڕۆ یەکشەممە 27ى نیسانى 2025، لەلایەن ئەحمەد فەکاک بەدرانى، وەزیرى رۆشنبیرى و گەشتوگوزار و شوێنەوارى عێراقەوە لە دیمەشق رادەستى ئەحمەد شەرع کراوە.
ئەحمەد فەکاک بەدرانى لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە لەسەر داواى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق ئەو بانگهێشتنامەیەی رادەستى ئەحمەد شەرع کردووە بۆ ئامادەبوون لە لووتکەى عەرەبی لە بەغدا.
لووتکەى عەرەبی لە 17ى ئایارى 2025 لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، بڕیارە سەرۆک و پادشا و نوێنەرى 22 وڵاتى ئەندامى کۆمکارى عەرەبی تێیدا بەشداربن.
وەزیرى رۆشنبیری و گەشتوگوزار وشوێنەوارى عێراق گوتى: "لووتکەى عەرەبی تاوتوێى ئەو ئاڵنگارییانە دەکات کەرووبەڕووى گەلى عەرەبی دەبنەوە".
ئەوە 34ـەمین لووتکەى عەرەبیە و چوارەم جارە عێراق میوانداری بکات کە دواترینیان لە 2012 بوو.
رادەستکردنى ئەو بانگهێشتنامەیە بە ئەحمەد شەرع بۆ هاتنى بۆ بەغدا، لەکاتێکدایە، هەندێک لە لایەنە شیعەکان لە دژى ئەو بانگهێشتەن و داوا لە حکومەت دەکەن پێشوازى لێنەکات، بەهۆى ئەوەى گوایە ئەو کاتەى لەنێو گرووپە چەکدارەکانى عێراق بووە تاوانى بەرامبەر بە گەل ئەنجامداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ