رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی سندووقی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی عێراق دەڵێت، توانیویانە دەست بەسەر زیاتر لە 501 دۆنم زەویی کشتوکاڵی سەرانی حیزبی بەعسدا بگرن کە 125 دۆنم زەوی لە کەرکووک بەناوی عەلی حەسەن مەجیدەوە بووە.
رۆژی سێشەممە، عەباس موتعب شامی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی سندووقی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دەستگیرا بەسەر بەشە موڵکی هەریەکە لە عەلی حەسەن مەجید، کوڕی مامی سەرۆکی رژێمی لەنێوچوو، یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە و وەزیری پێشووتری بەرگری و فازڵ عەبدی برای کە پێنج موڵک بوون."
عەباس موتعب دەڵێت، "کۆی رووبەری زەوییەکان زیاتر لە 501 دۆنمە و موڵکەکەی عەلی حەسەن مەجید لە کەرکووک 125 دۆنم بووە."
پڕۆسەی دەستبەسەردا گرتنەکە بە گوێرەی یاسای ژمارە 72ی ساڵی 2017ی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی سەرکردەکانی رژێمی پێشوو کراوە.
عەباس موتعب شامی ئاماژەی بەوەش کردووە، "سەرجەم ئەو رووبەرە زەوییانە بەناوی وەزارەتی داراییەوە تۆمارکراون."
بە گوێرەی راپۆرتی لیژنەى پارێزگارى لە موڵکى دەوڵەت لە پەرلەمانى عێراق،387 موڵکى دەسەڵاتدارانى پێشووى حیزبى بەعسى لە 9 پارێزگاى عێراق تۆمارکردووە کە 281یان لە سنوورى بەغدان.
61 لەو موڵکانەى بەرپرسانى حیزبى بەعس لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدینن کە زێدى لەدایکبوونى سەدام حوسێنە.
موڵکەکانى دیکە لە ئەنبار، دیالە، زیقار، واست، بابل، کەرکووک و نەینەوان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ