رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری وەزیری گواستنەوەی عێراق، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە رۆژانی جەژنی قورباندا گەشتە ئاسمانییەکانی زیاد دەکات. دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقی دەڵێت، "هەر گەشتێکی ئاسمانی لە چوارچێوەی رێکار و رێنوێنییەکان بێت، پەسندی دەکەین."
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر گەشتێکی ئاسمانی زیاد بکرێت و لە چوارچێوەی رێکار و رێنوێنییەکان بێت و بۆ ئێمە بنێردرێت پەسندی دەکەین، بەڵام تائێستا لەبارەی زیادبوونی گەشتەکان لە ماوەی جەژنی قورباندا بە فەرمی هیچ داواکارییەکمان بەدەست نەگەیشتووە."
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رۆژی دووشەممە 26-06-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رەزاق محیبس، وەزیری گواستنەوەی عێراق بڕیاریدا ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ تورکیا، دووبەی، تاران، قاهیرە، بەیرووت، عەممان، لەگەڵ گەشتە ناوخۆییەکان زیاد بکرێن، بەهۆی ئەو جەنجاڵییەی لە رۆژانی جەژن هەیە بۆ گەشتکردن.
رۆژی چوارشەممە 28-06-2023 یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە. نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە، 20-06-2023، بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران بڕیاریدا پشووی جەژنی قوربان لە رۆژی سێشەممە، 27ـی حوزەیرانی 2023 تاوەکو رۆژی یەکشەممە، 2ـی تەممووزی 2023 بێت.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق باس لەوە دەکات، فڕۆکەی نوێی دیملاینەر بەم دواییانە کەوتووەتە بواری خزمەت، وەکو هەنگاوی یەکەم حاجییان لە سعودیەوە دەگەڕێنێتەوە وڵات لەگەڵ هێڵی کوالەلامپوور چین، ئەمەش دوای تەواوکردنی رێکارەکان.
هەروەها دەشڵێت، کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە چاوەڕێی گەیشتنی فڕۆکەی دووەمی جۆری دیملاینەر گەورەیە کە توانای هەڵگرتنی سەرنشینی زیاتری هەیە، چونکە داواکارییەکی زۆر لەسەر گەشتی ئاسمانی هەیە و هەروەها کاراش دەبێت بۆ وەرزی چلەی ئیمام حوسێن بۆئەوەی ژمارەیەکی زیاتری زیارەتکاران بگوازێتەوە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 16-05-2023دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەپێناو پشتیوانیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، بڕیاردرا فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە 20% کەمتر لە نرخی جیهانی سووتەمەنییان پێ بدرێت، ئەوەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و پەرەپێدانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ