رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، هیچ کەسێک مافی نییە شوێنی دەوڵەت یان دەسەڵاتەکانی بگرێتەوە و هیچ لایەنێکیش لەسەرووی یاساوە نییە. ئەوە وەک ئاماژەیەک بۆ رووداوى رووبەڕووبوونەوەکەى یەکشەممە لە بەغدا لە نێوان ژمارەیەک چەکدارى سەر بە حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنیەکان.
ئەو گوتانەى محەممەد شیاع سوودانى لە کاتی سەرۆکایەتیکردنى کۆبوونەوەیەکى ئەمنیی بەپەلە بوو بە هێزە ئەمنیەکان کە ئەمڕۆ یەکشەممە 27ى تەممووز ئەنجامیدا بۆ تاوتوێکردنى ئەو رووبەڕبوونەوەى کە لە فەرمانگەیەکى کشتوکاڵ لە بەغدا روویدا و بەهۆیەوە کارمەندێکى پۆلیسى فیدڕاڵى کوژرا.
لە راگەیێنراوێکدا نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەى بەوەداوە، سوودانى جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە ئەنجامدەران بەپێی یاسا کارپێکراوەکان رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و لێکۆڵینەوەکان بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەپێی ئەو رێنماییانە بەڕێوەبچن کە هێزە چەکدارەکانیان پێیانەوە پابەندن و لێکۆڵینەوەکان بە چاودێریی راستەوخۆی خۆی دەبێت.
سوودانى گوتوویەتى: "هیچ کەسێک مافی نییە جێگەى دەوڵەت یان دەسەڵاتەکانی بگرێتەوە و هیچ لایەنێکیش لەسەرووی یاساوە نییە".
رووبەڕووبوونەوەکەى ئەمڕۆ هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە یەکێک لە فەرمانگەکانی کشتووکاڵ لە بەری کەرخی بەغدا، چەکدارەکان کە بەگوێرەى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان،سەر بە لیواکانى 45 و 46ى حەشدى شەعبی بوون، 14 یان دەستگیرکراون.
کۆبوونەوەکەى سوودانى بە ئامادەبوونی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و ئەو ئەفسەرانە بوو کە رووبەڕووی هێرشى سەر فەرمانگەکە بوونەتەوە.
ئەم شەو دەستەى حەشدى شەعبی لەراگەیێنراوێکدا جەختى کردەوە کە بە "هیچ شێوەیەک" نەرمى بەرامبەر ئەو کەسانە نەنوێنن کە سەرپێچیی فەرمانەکان دەکەن یان پێشێلی رێکارە ئەمنییە پەیڕەوکراوەکان دەکەن.
حەشدی شەعبی دەڵێت: "دامەزراوەکەمان بۆ ئەوە بووە کە ببێتە قەڵخانێک بۆ نیشتمان و درێژکراوەی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان بێت، هەروەها لەژێر چەتری دەوڵەت و سەرکردایەتییە رەواکەیدا کار دەکات، هەر رەفتارێکی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ کە لەم چوارچێوەیە دەربچێت، بە پێشێلکردنی یاسا دادەنرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ