رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی دووشەممە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سێ سکاڵای تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران و پڕۆژەی رووناکی تاوتوێ بکات. دوو لە سکاڵاکان داوای بەردەوامیی ناردنی مووچە دەکەن و سێیەمیشیان داوای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی رووناکی دەکات.
سکاڵاکانی تایبەت بە مووچە
دوو لە سکاڵاکان لەلایەن ژمارەیەک هاووڵاتییەوە لەسەر سەرۆکوەزیران و وەزیری داراییی عێراق تۆمارکراون. داواکاران داوا دەکەن دادگە بڕیار بدات کە وەزارەتی داراییی عێراق پابەند بکرێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام و مانگانە، بەبێ ئەوەی بکرێتە بەشێک لە کێشە سیاسییەکان یان ناکۆکی لەسەر یاسای بودجە.
یەکێک لە سکاڵاکان داوای دەرکردنی "فەرمانی وەلائی" (فەرمانسالاری) دەکات بۆ پابەندکردنی وەزارەتی دارایی بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی تاوەکو دۆسییەکە بە یەکجاری یەکلایی دەکرێتەوە.
هەردوو سکاڵا پێشتر لە رۆژی 14ی ئەم مانگە دانیشتنیان لەسەر کرا و بۆ 28ی مانگ دواخرا.
سکاڵای تایبەت بە کارەبا
سکاڵای سێیەم لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. سکاڵاکە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە پڕۆژەی "پڕۆژەی رووناکی" کارەبای 24 کاژێری.
ئەو سکاڵایەش رۆژی 20ی ئەم مانگە دانیشتنی لەسەر کرا و بۆ سبەی دواخرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ