رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی کە لە بەغدا هێرشیان کردبووە سەر هێزە ئەمنیەکان، سەر بە دوو لیوای ئەو هێزە بوون و 14 چەکداریان دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی رووداوى یەکێک لە فەرمانگەکانی کشتوکاڵ لە بەری کەرخی بەغدا.
رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە روویدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە فەرمانگەکە. گرووپە چەکدارەکە لەکاتی کۆبوونەوەیەکی کارگێڕیدا هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەکە، دواتر هێزە ئەمنیەکان رووبەڕوویان بوونەوە و ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندیان بریندار بوون.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، پێکهێنانی لیژنەکە بۆ زانینی وردەکارییەکانی رووداوەکە و چۆنێتیی جووڵەی هێزە چەکدارەکەیە بەبێ فەرمان و رەزامەندیی فەرمی، هەروەها بۆ لێکۆڵینەوەیە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی باڵەخانەیەکی حکومی و تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان.
ئەو فەرماندەییە رایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە 14 تۆمەتبار دەستگیربکەن و دوای وردبینیکردنى ناسنامەکانیان، دەرکەوتووە کە سەر بە هەردوو لیوای (45 و 46)ـی حەشدی شەعبین. هەروەها تۆمەتباران رەوانەی دادگە کراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر.
لیوای (45 و 46)ـی حەشدی شەعبی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقن و بە "سەرایا دیفاعی شەعبی" ناسراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ