رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق، بەڕێوەبردنی ناوچەی بارکردنی لاوەکیی نەوت و بەرهەمەکانی لە کۆمپانیای سۆمۆ وەرگرتەوە و دەڵێت، ئەو هەنگاوە داهاتیان تاوەکو چوار ملیار دینار زیاد دەکات. گەڕاندنەوەی ئەرکەکە بە بڕیارێکی دادگە بووە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2020ـەوە لە کۆمپانیاکە وەرگیرابووەوە.
کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا، رۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووز ئاماژەى بەوەداوە کە دەستیان بە بەڕێوەبردنی راستەوخۆی "ناوچەی بارکردنی لاوەکی" لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراق کردووە، کە تایبەتە بە هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمەکانى.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراقەوە دەستی کەوتووە، ئەو ناوچەیەی بەڕێوەبردنەکەی دراوەتەوە دەست کۆمپانیاکە، دەکەوێتە سنووری ئاویی خۆر عەبدوڵڵا لە پارێزگای بەسرە. بەهۆی قووڵایی کەمى ئەو رێڕەوە ئاوییە، کەشتیی گەورە ناتوانێت بچێتە نێو بەندەرەکەوە، بۆیە نەوت و بەرهەمە هەناردەکراوەکانى بە کەشتی بچووکتر دەگوازرێنەوە بۆ ئەو کەشتییە گەورانە لەو سنوورە دەریاییەی کە دەتوانن تێیدا بوەستن.
بە گوتەی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق، ناوچەی بارکردنی لاوەکیی نەوت نزیکەی (28) میلی دەریایی لە بەندەری فاوەوە دوورە و بە یەکێک لە گرنگترین ناوچەکانی هەناردەکردنی وزە لە رێگەی دەریاوە دادەنرێت، کە سێ کەشتیی جێگیری لێیە و وەک کۆگای دەریایی گەورە بۆ بارکردنی بەرهەمەکانى نەوت بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان بەکاردەهێنرێن.
سەرچاوەکەی رووداو لە کۆمپانیاکە رایگەیاند، هەنگاوەکە بۆ ئەوەیە کە لە رێگەی کەشتییەکانی گوێزەرەوەى نەوتى عێراقەوە ئەو نەوت و بەرهەمانە بگوێزرێنەوە بۆ هەناردەکردن و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت، لە کاتێکدا پێشتر ئەو ئەرکە درابووە کۆمپانیاى ئەهلى.
فەرحان فەرتووسی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەندەرەکانی عێراق، لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "پێشبینی دەکەین مانگانە سێ بۆ چوار ملیار دینار داهاتمان زیاد بکات. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی دیدگایەکی ستراتیژیدایە بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت لە جووڵەی هەناردەکردن و زیادکردنی داهاتی دارایی بۆ کۆمپانیاکەمان."
گەڕاندنەوەی ئەرکی بەڕێوەبردنی ناوچەی بارکردنی لاوەکی لە خۆر عەبدوڵڵا، لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگە بووە کە ساڵی 2024 دەرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ