رووداو دیجیتاڵ
زرغام مالیکی، ئەندامێتی لە لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق هەڵپەسارد و دەڵێت، داواکارییان بۆ میوانداریکردنی بەرپرسان جێبەجێ ناکرێ.
رۆژی سێشەممە 27-08-2024 زرغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەندامێتیم لە لیژنەی نەوت و گاز تاوەکو کاتێکی نادیار هەڵپەساردووە".
زرغام مالیکی هۆکاری بڕیارەکەی بۆ ئەوەگەڕاندەوە کە چەندین جار داواکارییان پێشکێشکردووە بۆ ئەوەی میواندارێتیی بەرپرسانی کەرتی نەوت لەبارەی میکانیزمی کارکردن و کاری کارمەندەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکان و "گومانی بوونی گەندەڵیی گەورە لەو کەرتەدا بکەن".
بە گوتەی زرغام مالیکی کە نوێنەری پارێزگای بەسرەی دەوڵەمەند بە نەوتە لە پەرلەمانی عێراق، سێ هەفتە لەمەوبەر داوایانکردووە میوانداری بەرپرسانی گومانلێکراو لە سەرۆکایەتیی دەستە و کێڵگەکانی نەوت سەبارەت بەو کێشە و گرفتانە بکرێت و گوتی، "زانیاریمان هەیە ئەو دەستانە لەسەر بنەمای خزم خزمێنە یان فرۆشتنی وەزیفە کاردەکەن".
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە بەشێک لە کارمەندانی کەرتی نەوت لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی بەسرە خۆپێشاندانیان کرد، لەوانە لە کێڵگەی نەوتی رومێلەی باشوور، رومێلەی باکوور و برجسییە.
ئەو هاووڵاتییانە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەتدەکەنەوە کە بڕیاری داوە دەرماڵە و هەندێک شایستەی پەیوەست بە کۆمپانیا نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتەوە بگوازرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.
ئەوان پێیانوایە، ئەو بڕیارە کاریگەری لەسەر کاری کۆمپانیا نەوتییەکان دەبێ کە لە بەسرە کاردەکەن و دەڵێن، لە وەزارەتی دارایی رۆتین زۆرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ