هەولێر و بەغدا بۆ دیاریکردنی خاڵی کۆتایی رێگەی گەشەپێدان کۆبوونەوە

27-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی باڵای وەزاریی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و رێڕەوەکانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانیان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، لیژنەی باڵای وەزاریی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا بە سەرۆکایەتیی محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دیاریکردنی خاڵی بەیەکگەیشتنی رێگەی گەشەپێدان لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان عێراق-تورکیا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، محەممەد عەلی تەمیم رایگەیاند، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لەگەڵ هیچ پڕۆژەیەکی دیکەی نێودەوڵەتیدا ناکۆک نییە، بەڵکو تەواوکەری تۆڕی رێگەوبانی جیهانییە و کات و تێچووی گواستنەوەی کاڵا و گەشتیاران کەم دەکاتەوە. 
 
هەروەها جەختی کردەوە "پڕۆژەکە فیدراڵییە" و ئیدارە و ئاسایشەکەی لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدا دەبێت. داهاتەکەشی بەگوێرەی دەستووری عێراق دابەش دەکرێت. ئیدارەیەکی فیدراڵی سەربەخۆ بە تەواوی دەسەڵاتەکانی بۆ بەرێوەبردنی پڕۆژەکە دروست دەکەن.
 
ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، جەختی لە گرنگیی ستراتیژیی رێگەی گەشەپێدان کردەوە و بە "خەونی لەمێژینەی عێراق" ناویبرد، پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پڕۆژەکە و دابینکردنی باشترین هەلومەرج بۆ جێبەجێکردنی دووپاتکردەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆی ورد لەبارەی رێڕەوەکانی پڕۆژەکە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، خاڵەکانی تێپەڕبوون تاوەکو گەیشتن بە سنووری تورکیا و سوودی ئابووری و گەشەپێدانی هەر وێستگەیەکی رێگەکە کرا.
 
لە کۆبوونەوەکە شاندی عێراق پێکهاتبوون لە رەزاق سەعداوی، وەزیری گواستنەوە، ئەحمەد فەتلاوی، رێکخەری گشتیی کاروباری پارێزگاکان، عەبدولکەریم فەیسەڵ، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران، محەممەد عەلی حەکیم، راوێژکاری ئابوورریی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و ژمارەیەک بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتەکانی گواستنەوە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەشداربوون.
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێکهاتبوون لە ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا، وەزیری گواستنەوە، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتیی. 
 
درێژیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەترە و پێکدێت لە هێڵەکانی گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیاران و هێڵی ئاسن، لە بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرەوە درێژ دەبێتەوە بۆ نێو خاکی تورکیا. هێڵەکە بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت .
 
خەرجیی پڕۆژەکە بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی مۆدێرن و 6.5 ملیار دۆلاری بۆ درێژکردنی هێڵی ئاسن تەرخان دەکرێت.
 
کارەکانی پرۆژەکە دابەشکراوە بەسەر 15 بەش و بە سێ قۆناخ تەواو دەبێت. قۆناخی یەکەمی ساڵی 2028 تەواو دەبێت، قۆناخی دووەم 2038 و قۆناخی کۆتایی ساڵی 2050 تەواو دەبێت، واتە هەم رێگەکە و هەم پرۆژەکانی دەوروبەری رێگەکە دوای 26 ساڵی دیکە تەواو دەبێت بەگوێرەی ئەو پلانەی بۆی دانراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی جۆری 10 هەزار دیناری. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

کارکردن بە یاسای بودجەى عێراق رادەگیرێت

لە ساڵی نوێوە کارکردن بە دەقەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق رادەگیرێت و خەرجکردنی پارەش بۆ هەندێک لە پڕۆژەکان بەستراوە بە دەستبەربوونی پارە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێنجەم دەڵێت، ئەم رێکارە ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی نەختینە.