شایەتحاڵێک لەنێو هۆڵی ئاهەنگەکەی حەمدانیە: بووک و زاوا نەمردوون

27-09-2023
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
وێنەی بووک و زاواکە
وێنەی بووک و زاواکە
نیشانەکردن ئاگرکەوتنەوە لە حەمدانیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یەکێک لە بەشدارانی ئاهەنگەکەی حەمدانیە چیرۆکی ئاگرکەوتنەوەکە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت، بەهۆی یاریی ئاگرینەوە بووە. ئاماژە بەوەش دەکات، بووک و زاوا گیانیان لەدەستنەداوە و لە ماڵی خۆیانن.
 
شەوی سێشەممە، ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە و بەهۆیەوە بەپێی ئاماری تەندروستیی نەینەوا، بەلایەنی کەمەوە 113 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون. برینداران لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای نەینەوا و هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێن. 
 
ئەو شایەتحاڵە ناوی ستیڤە و خەڵکی عەنکاوەیە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە بریندار بووە. لەبەردەم نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی هەولێر قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و گوتی: "خۆم لەگەڵ خێزانەکەم لەوێ بووین، لە دەرگەکەوە نزیک بووین، دووەم مێز بووین. کاتێک یارییە ئاگرینەکەیان پێکرد، یەکێکیان شەکلی کرد و لە سەقفەکەی دا کە ساندویچ پەنێڵ بوو بەڵام نایلۆنیان پێوە کردبوو.. لە ماوەی دوو خولەکدا هەمووی گڕیگرت."
 
لە کاتی رووداوەکەوە چەند لێدوانێکی جیاواز هەبوون لەبارەی گیانلەدەستدانی بووک و زاوا کە دوایینیان گوتەی دکتۆر ئەحمەد بەرواری، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی نەینەوا بوو و گوتی، بووک و زاوا گیانیان لەدەستداوە. بەڵام ئەو شایەتحاڵە دەڵێت، "ئێستا وا لە ماڵن و دۆخی تەندروستییان باشە، خۆم قسەم لەگەڵیان کردووە."
 
لەبارەی چۆنیەتیی رزگاربوونی بووک و زاواکە، ئەو شایەتحاڵە دەڵێت: سێ دەرگە هەبوون و بووک و زاوا لە دەرگەی مەتبەخەکەوە خۆیان رزگار کرد. دەڵێت، "من و خێزانەکەم رزگارمان بوون، پاشان هەر کەسێکی دیکەم بەردەست بکەوتبا، رامدەکێشا."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بووکەکە ناوی حەنین ریازە و لەدایکبووی ساڵی 2006ـە، زاواش ناوی ئیرڤان ئیشۆ گەحکە و لەدایکبووی ساڵی 1995ـە. 
بە گوتەی ئەو شایەتحاڵە بێت، زیاتر لە هەزار کەس لەو هۆڵەدا بەشداریی ئاهەنگەکەیان کردووە. دەشڵێت، "خێزانەکەم ڤیدیۆی هەیە کاتێک یارییە ئاگرینەکانیان پێکرد و ئاگرەکە کەوتووەتەوە، بۆیە شۆرتی کارەبا نەبووە."
 
چەند شایەتحاڵێکی دیکەش لە نەخۆشخانە و ئەو هۆڵەی ئاگری گرتووە قسەیان بۆ رووداو کرد، ئاماژەیان بەوەکرد، لەکاتی ئاهەنگەکەدا یاریی ئاگرین هەڵدراوە و هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بووە. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە