وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق بۆ رووداو: زیاتر لە 15 هەزار مامەڵەی قەرزی نیشتەجێبوون پەسندکراون

27-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 15 هەزار مامەڵەی قەرزی نیشتەجێبوون لە وەزارەتەکەیان پەسندکراون، بەڵام هەرێمی کوردستان لەو قەرزانە سوودمەند نابێت.
 
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 27-09-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو 31-08-2025 ژمارەی مامەڵە ئەلیکترۆنییە پەسندکراوەکانی قەرزی نیشتەجێبوون گەیشتووەتە 15 هەزار و 205 مامەڵە کە 356یان لە کەرکووک بوون."
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق، چاوەڕوان دەکرێت ئەم ساڵ 20 هەزار و 500 مامەڵە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی داوای قەرز دەکەن، پەسند بکرێت. زۆرترین بڕی ئەو قەرزەی دەدرێت 60 ملیۆن دینارە.
 
پار وەزارەتەکە یەک تریلیۆن دیناری بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخانکرد و 19 هەزار و 309 کەس لێی سوودمەند بوون.
 
نەبیل سەفار ئاماژەی بەوەش کرد، سندووقی نیشتەجێبوون بە شێوەیەکی خۆبەڕێوەبەری کار دەکات و ساڵانە بە پشتبەستن بەو قەرزانەی دەگەڕێنەوە، پارەی بۆ تەرخان دەکرێت. بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ ئەم ساڵ نزیکەی 950 ملیار دینارە.
 
سەبارەت بەوەی ئەو قەرزانە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە یان نا، گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی، چەندین پێشنیاز بۆ گۆڕینی هەندێک بڕگەی یاسای سندووقی نیشتەجێبوونی عێراق کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا پەسندنەکراون. بەگوێرەی مادەی 2ی بڕگەی یەکەمی یاسای سندووقی نیشتەجێبوون ژمارە 32ی ساڵی 2011، قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
 
قەرزەکە بە سێ بەش دەدرێت و بە 15 ساڵ وەردەگیرێتەوە. نەبیل سەفار میکانیزمی ئەو قەرزە روون دەکاتەوە و دەڵێت، پێشینە بۆ ئەوانە دەبێ کە خانووی نوێ دروست دەکەن، نەوەک نۆژەنی دەکەنەوە؛ پێشینە بۆ خەڵکی دەرەوەی شارەکان، خێزاندار و ئەو کەسانە دەبێ کە تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵە و چوار منداڵ یان زیاتریان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە