نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەشیمان دەبێتەوە: دەنگمان بۆ پاڵپشتیی غەززەیە

28-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
رووناککردنەوەی بەشێک لە ئاسمانی خان یونس لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە تاوەکو باشتر ئامانجەکانیان بپێکن. وێنە: SAID KHATIB / AFP
رووناککردنەوەی بەشێک لە ئاسمانی خان یونس لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە تاوەکو باشتر ئامانجەکانیان بپێکن. وێنە: SAID KHATIB / AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتی دەنگدان بۆ پڕۆژەبڕیاری راگەیاندنی ئاگربەست لە ‌غەززە لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق دەنگی نەدا. دواتر نوێنەری عێراق رایگەیاند، "هەڵە" روویداوە و دەنگی ئەوان بۆ پاڵپشتییە لە غەززە.
 
ئەمشەو، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەبڕیارێکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پەسندکرد. دەنگدان بۆ پڕۆژەبڕیارەکە سێ جۆر بوو، بەڵێ، نەخێر و دەنگنەدان. ژمارەی دەنگی بەڵێ 120 دەنگ بوو، نەخێر 14 و دەنگنەدان 45 بوو کە ناوی عێراق لەنێو ئەو 45 وڵاتەدا بوو. 
 
دوای بڵاوبوونەوەی ناوی وڵاتەکان، نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەردەم نوێنەری وڵاتان گوتاری وڵاتەکەی پێشکێشکرد و لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان داوا دەکەن دەنگەکەیان بگۆڕدرێت بۆ بەڵێ. گوتی، "عێراق داوا دەکات دەنگدانەکەی بگۆڕدرێت بۆ پاڵپشتیکردن لە بڕیارەکە، ئەوەش بەهۆی بوونی هەڵەیەک لە سیستمی دەنگدانەکە لەو کاتەدا، هەروەک چۆن نوێنەرایەتیی وڵاتەکەم تێبینیی هەیە لەسەر هەندێک لە وشە و داواکاری کە لە پڕۆژەبڕیارەکەدا هاتووە، چونکە ناکۆکە لەگەڵ هەندێک لە یاساکانی وڵاتەکەمان."
 
هاوکات ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "جەختی لە هەڵوێستی بنەڕەتیی خۆی کردەوە لە رێگەی پشتیوانیکردن و هاودەنگبوون لەگەڵ بڕیاری وەستاندنی جەنگ لە غەززە کە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندکرا."

بڕیاری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی یاسا پابەندیی نییە، بەڵام لەلایەنی ئەخلاقییەوە بەرپرسیارێتی دەخاتە سەر وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەکە. 
 
ئیسرائیل دوای بڕیارەکە هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوەکرد، بە تووندی ئەو بڕیارە رەتدەکەنەوە. هەروەها داواش دەکات کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانییان بکات. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا شەوی 27ـی مانگ رایگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتییەکانیان. وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، چۆن جیهان یەکیانگرت بۆ تێکشکاندنی داعش، پێویستە ئاواش یەکبگرن و پاڵپشتیی وڵاتەکە بکەن لە تێکشکاندن و رووبەڕووبوونەوەی حەماس. 
 
دوایین زانیارییەکان؛ چی روویدا؟
 
بۆردوومانی شەوی هەینیی ئیسرائیل بۆسەر غەززە چڕتر و زیاتر بوون بەراورد بە رۆژانی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانیشیان فراوانتر دەکەن. لەدوای ئەو راگەیێندراوەش، لە چەند ناوچەیەکی باکووری غەززە رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەماس روویدا. 
 
بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیل، هێڵی پەیوەندی و تەلەفۆن لە غەززە پچڕاوە. گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیلیش هۆشداری دەداتە خەڵکی غەززە کە بۆ سەلامەتیی خۆیان، بەرەو باشوور بڕۆن. 

 

هەر لە چوارچێوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و غەززە و گرژییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییەکانی کرد کە تاوەکو فڕۆکە ماوە و کات هەیە، لوبنان جێبهێڵن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە