سێ پڕۆژەیاسای سێ پێکهاتە سەرەکییەکە لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقن

27-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سێ پرۆژەیاسای گرنگ بۆ کورد، سوننە و شیعە کە جێگەی مشتومڕن، لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەماندان. پەرلەمانتارێک دەڵێ، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، دانیشتنی پەرلەمان ناکرێت.
 
بڕیارە کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 27-10-2024) کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکات.
 
کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان لە شەش بڕگە پێکهاتووە، سێ پڕۆژەیاسا خراونەتە بەرنامەی کار؛ هەر پڕۆژەیاسایەکیان پێکهاتەیەکی سەرەکی پێداگیرە لەسەر تێپەڕاندنی.
 
دەنگدان بە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، لە یەکەم بڕگەی دانیشتنەکە دانراوە. زۆرینەی زەوییەکان، خاوەنە رەسەنەکانیان کورد و تورکمانن. ئەو دوو پێکهاتەیە پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی.
 
بڕگەی دووەم تایبەتە بە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی، کە داواکاریی سەرەکیی شیعەکانە. هەروەها دەنگدان بە پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی، خراوەتە بڕگەی سێیەمی دانیشتنەکە، کە یەکێکە لە داواکاریی سوننەکان و پێشتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق؛ خراوەتە بەرنامەی کارەوە.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەرسێ پرۆژەیاساکە خراونەتە بەرنامەی کار، ئەگەر تێپەڕێندرێن، هەرسێکیان پێکەوە دەبن. ئەمە ئەگەر رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواوبێت، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەگەری هەیە دانیشتنەکە هەر نەکرێت." 
 
یاسین عیساوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەدراوە، بۆیە دانانی لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمان، کارێکی ناڕاستە، چونکە تاوەکو ئێستا رێکارەکانی تەواو نەبوون.
 
عیساوی کە نوێنەری سوننەیە پێیوایە، بۆچوونی سوننەکان سەبارەت بە یاساکە وەرنەگیراوە؛ "چونکە ئێستا سوننە لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دا نییە."
 
پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدان ماوە، چەند جارێک خراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبووە.
 
پڕۆژە بنچینەییەکە لە 5 مادە پێکهاتبوو و ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس دەکرد، بەڵام لەکاتی گفتوگۆکاندا دەستکاری کرا و هەندێک بڕیاری دیکەی بۆ زیادکرا تاوەکو زۆرترین زەوی لە سنووری مادەی 140دا بگەڕێتەوە بۆ کورد و تورکمان.
 
پەرلەمانتارانی کورد باس لەوە دەکەن، ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند بکرێت، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان، کە بەشێوەى بەناوکردن دەستیان بەسەردا گیراوە، نەوەک داگیرکردن یان کوژاندنەوە.
 
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، "بەبێ دەنگدان بەو پڕۆژەیە، هیچ دانیشتنێکی دیکەی پەرلەمان ناکرێت." 
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە