رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان ئامادە دەبن بۆ ئەوەی رێژەی یاسایی تەواو بێت و پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵ تێبپەڕێنرێت".
کاروان یاروەیس دەڵێت، "پڕۆژەکە مشتومڕی زۆری لەسەر بوو، بەڵام دواجار گەیشتینە ئەو چارەسەرەی؛ بگەڕێینەوە بۆ ئەو دەقەی حکومەت ناردوویەتی کە تەنیا کەرکووک و خورماتوو دەگرێتەوە و، تەنیا هەشت بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش هەڵدەوەشێنێتەوە."
بڕیارە کاژێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 27-10-2024) پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە. سێ پڕۆژەیاسا لە بەرنامەی کاردان کە زیاتر لە شەش مانگە مشتومڕیان لەسەرە، ئەوانیش بریتین لە: پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خاوەنداریێتیی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، پڕۆژەیاسای هەمواری باری کەسی و پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) گوتی، "پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خاوەنداریێتیی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان مشتومڕی زۆری لەسەر بوو. سوننەکان بە پلەی یەک و دواتریش شیعە رازی نەبوون بە دەرکردنی، کە ژمارەیەک بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش هەڵدەوەشێنێتەوە."
هەروەها دەڵێ "دواجار لیژنەی یاسایی لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایە و پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی، گەڕانەوە بۆ ئەو دەقەی حکومەت ناردوویەتی، واتە بەبێ دەستکاری کە چۆن لە حکومەتەوە هاتووە. ئەوە وەکو چارەسەرێک دانراوە."
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ پەیوەندیی بە نزیکەی ملیۆنێک دۆنم زەوی لە کەرکووک، مەندەلی و خانەقین لە پارێزگای دیالە، مەخموور لە پارێزگای نەینەوا، دوجێل لە پارێزگای سەڵاحەدین و چەند ناوچەیەکی دیکەوە هەیە، بەڵام دوای شەش مانگ مشتومڕ، رۆژی شەممە لیژنەی یاسایی بڕیاریدا بگەڕێتەوە سەر ئەو دەقەی حکومەت ناردوویەتی، کە ئەوەش تەنیا گەڕاندنەوەی خاوەنداریێتیی زەوییەکانی کەرکووک و خورماتوو دەگرێتەوە.
کاروان یاروەیس گوتی، "ئەم چارەسەرە بۆ کورد باش نییە، بەڵام ئەوەیە زیانەکە لە نیوە بگەڕێتەوە. دەقەکەی حکومەت 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش هەڵدەوەشێنێتەوە کە تایبەتن بە کەرکووک و خورماتوو. ئەوەی ئێمە دەستکاریمان کردووە، چەندین بڕیاری دیکەی هەڵدەوەشاندەوە کە خانەقین، مەندەلی، مەخموور و دوجەیلیش دەگرێتەوە."
کاروان یاروەیس رایگەیاند، "ئەو جووتیارەی عەرەبی هاوردە کە 50 ساڵە لەسەر زەویی کشتوکاڵی کورد و تورکمانە، دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە. بۆ نموونە، جووتیارێک کە بە تەعریب هێنراوە لە سەرگەڕان زەویی جووتیارێکی کوردی پێدراوە، دەبێت لە پارێزگا رەسەنەکەی قەرەبوو بکرێتەوە، لە کاتێكدا ئەمە پێویست ناکات و ئەمانە هاتوونەتە سەر زەویی کورد و تورکمان و بە نایاسایی داگیریان کردووە."
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی گوتی، "بە پلەی یەکەم، سوننەکان دژی ئەم پرۆژەیاسایە بوون و پێیانوایە لە زیانی ئەوانە، بۆیە بە ئاشکرا دژی بوون. بەشێکیان هێندە بێویژدانن پێیانوایە بەمە ستەم لە عەرەبی سوننە دەکرێت. هەروەها لایەنە شیعەکانیش بەشی زۆریان لەگەڵ سوننەکان دژی وەستانەوە".
کاروان یاروەیس گوتیشی، "دەبوو لە 2005ـەوە حکومەتی عێراق کار بکات لەسەر سڕینەوەی شوێنەوارەکانی تەعریب و بڕیارەکانی بەعس، بەڵام نەکرا تەنانەت هەفتەی رابردوو لە دیالە ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبووەوە، تەنیا یەک قایمقامیان داوە بە کورد، لە کاتێکدا ناوچەکە جێناکۆکە و دەبێت لە پۆستەکاندا هاوسەنگی رابگیرێت. پۆستەکانی دیکە هەموویان دراون بە عەرەب، قەزای مەندەلی بە درێژایی مێژوو کوردی فەیلی تێدا چەوسێنراوەتەوە، ئێستا دراوەتە عەرەبێکی سەر بە رێکخراوی بەدر".
لەبارەی ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەکە، کاروان یاروەیس گوتی، "بڕیارمان بۆ هاتووە ئامادە بین تاوەکو رێژەی یاسایی تەواو بکەین، بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خاوەنداریێتی تێبپەڕێندرێت، هەرچەندە بە دڵمان نەبووە، بەڵام وەکو هەنگاوی یەکەم باشە".
کورد داوای دەنگی پەرلەمانتارانی سوننە و شیعە دەکات بۆ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک، سوننە داوای دەنگی هەردوولا دەکات لە پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی، شیعەش بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی داوای دەنگی کورد و سوننە دەکات. ئێستا هەر سێ پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی دووەمیان بۆ کراوە و ماوەتەوە دەنگدانیان بۆ بکرێت.
لەبارەی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی، ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، "خشتەی کۆبوونەوەکە وا دانراوە کە هەر سێ پڕۆژەیاساکە خراونەتە بەرنامەی کار، واتە هەر سێ پڕۆژەیاساکە بەیەکەوە بەستراونەتەوە. ئەگەر سوننە و شیعە دەنگیان بە پڕۆژەیاساکەی ئێمە دا، ئێمەش دەبێت دەنگ بەوەی ئەوان بدەین".
کاروان یاروەیس دەنگدان بە هەمواری پڕۆژەیاسای باری کەسی بە سازشکردن ناودەبات و رایگەیاند، "من لەگەڵ ئەوەدا نەبووم سازش بکەین و دەنگ بە هەموارەکە بدەین، چونکە پاشەکشەیەکی گەورەیە لە بواری مافەکانی ئافرەتان و لە داهاتووشدا زیانێکی گەورەی بۆ کۆمەڵگەی عێراق دەبێت، بەڵام ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان خراوینەتە هەڵوێستێکی شەرمەزارییەوە، کە ئەگەر دەنگ بۆ پڕۆژەکەی ئەوان نەدەین، ئەوانیش دەنگ بە پڕۆژەیاساکەی ئێمە نادەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ