رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای تارمییەی باکووری بەغدا، ئاهەنگی هاوسەرگیری بە کۆمەڵ بۆ 20 گەنجی قەزاکە و ناحیەکانی دەوروبەری بەڕێوەچوو، خەلیل ئیبراهیم نەوار فەراجی، شێخی هۆزی فەراجی، ئەرکی سەرپەرشتی و خەرجییەکانی لە ئەستۆگرت.
عەبدوڵڵا خەلیل، کوڕی شێخ خەلیل، ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم دەستپێشخەرییە لە پەرۆشیی باوکمەوە هات بۆ یارمەتیدانی ئەو گەنجانەی بەهۆی بارودۆخی سەختی ئابوورییەوە نەیانتوانیوە هاوسەرگیری بکەن، ئەو لە نزیکەوە ئاگاداری ئازارەکانیان بوو."
عەبدوڵڵا خەلیل، گوتیشی: "باوکم باوەڕی وابوو خۆشیی بەکۆمەڵ کاریگەریی گەورەتری هەیە لە هەر پاڵپشتییەکی تاکەکەسی، هاوسەرگیری ئەو 20 گەنجە پەیامێکە بۆ دەوڵەمەندەکان کە پێویستە پاڵپشتیی گەنجان بکەن و هانیان بدەن بۆ پێکهێنانی خێزان و دەرهێنانیان لەژێر گوشار و قورسایی دارایی."
کوڕەکەی ئەو شێخە دەڵێ: "شێخ خەلیل هەموو پێداویستییەکانی پرۆسەکەی لە ئەستۆ گرت، لەوانە زێڕ بۆ بووکەکان، ژوورێکی نووستنی بە پێویستییەکانیەوە، بڕێک پارە بۆ هەر زاوایەک، بۆ ئەوەی هەریەکەیان ژیانێکی شایستە بەبێ قەرز و هەژاری دەستپێبکەن."
کوڕەکەی شێخ خەلیل دەڵێ، "قۆناخی یەکەمی دەستپێشخەرییەکە 20 گەنجی گرتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا قۆناخی دووەم بەدوادا دێت بۆ 20 گەنجی دیکە، ئەمەش وەک بەشێک لە پڕۆژەیەکی خێرخوازیی بەردەوام ئامانجی بەهێزکردنی بەهاکانی هاوکاریی کۆمەڵایەتییە لە ناوچەکە."
سەبارەت بەم چالاکییە، کوڕی شێخ خەلیل بە رووداوی راگەیاند، "ئەم چالاکییە هیچ پەیوەندییەکی بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە نییە. شێخ و هیچکام لە کەسوکارەکانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەربژێر نەکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ