رووداو دیجیتاڵ
لە سێیەمین ساڵیادی دەستبەکاربوونیدا، حکومەتی عێراق ئاماژە بە سەرکەوتنی لە جێبەجێکردنی کارنامە حکومییەکەی دەکات و دەڵێ: "ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەین."
حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە سێیەمین ساڵیادی متمانەبەخشینی ئەنجوومەنی نوێنەران بە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا، حکومەتی سوودانی جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی کارنامە حکومییەکەی دەکاتەوە و دەڵێ: "ئامانجمان باشترکردنی ئاستی گوزەران و خزمەتگوزارییەکان و پتەوکردنی سەقامگیرییە لە وڵاتدا".
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم بۆنەیە وێستگەیەکی گرنگە بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوونی نیشتمانی و یاسایی بە تەواوکردنی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومی بەپێی کاری لە پێشینە و ئامانجەکانی، کە پاڵپشتیی دەسەڵاتی یاسادانانی بەدەستهێناوە، وەڵامدەرەوەی پێداویستی و خواستەکانی گەلی عێراقە لە سەرجەم پارێزگاکاندا".
راگەیێندراوەکە جەختی لە "سوودوەرگرتن لە سەرکەوتنە بەدەستهاتووەکان لە زۆربەی بوارەکانی کاری حکومیدا کردەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر و دروستکردنی جیاوازییەکی بەرچاو لە ئابووری و ئاستی گوزەران و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا".
حکومەتی عێراق دەشڵێت، "کاردەکات بۆ پەرەپێدانی ئابووری لە رێگەی کەمکردنەوەی رێژەکانی هەژاری و بێکاری، پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، پشتیوانیکردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سەقامگیرییەک کە عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە تێیدا دەژی".
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "ئەوەی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەدیهاتووە، بەرهەمی ئیرادەی گەلی عێراق و خواستەکانیەتی بۆ بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە. هەروەها ئەنجامی بەردەوامیی کاری ماندوو نەناسانەیە بۆ بەدیهێنانی ئەو گەشەسەندنەی چاوەڕوان دەکرا."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، حکومەت دووپاتیکردەوە: "چاوەڕوانی بەجێگەیاندنی مافە دەستوورییەکەیەتی کە لە هەڵبژاردنی داهاتووی یاساداناندا بەرجەستە دەبێت." متمانەی خۆی دەربڕی کە "گەلی عێراق بەردەوام دەبێت لە بەخشین و هەنگاونان بۆ پێشەوە لەپێناو پتەوکردنی دەوڵەت و بەهێزکردنی سیستمی دیموکراسی و پاراستنی بڕیاری نیشتمانیی سەربەخۆ کە ئیرادەی هەموو عێراقییەکانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ