بەربژێرێکی لیستەکەی سوودانی: پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز پێشینەی کارەکانمانە لە خولی نوێدا

27-10-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرنامەی بێستوون تۆک ئەمجارە لە بەغدا میوانداریی محەممەد سەیهودی کرد. سەیهود پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بوو، ئەمجارە بەربژێری ژمارە سێیە لە لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، لیستەکە کۆمەڵێک حیزب و سەرکردەی کۆکردووەتەوە و دەیەوێت ببێتە فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانی.
 
سەیهود لە بەرنامەکەدا باسی دیدگەی هاوپەیمانێتییەکە دەکات بۆ یاسای نەوت و گاز، هەروەها راڤە و جێبەجێنەکردنی بڕگە و ماددەکانی دەستووریش،دەڵێت، ''ئامانجمان ئەوەیە ئەو کاروانە ئاوەدانییەی دەستمان پێکردووە لە خولی داهاتوو تەواوی بکەین.''
 
"80%ی کارەکان ماوە بیکەین و دەمانەوێت بەردەوام بین"
 
سەیهود لە بەرنامەکەدا راشکاوانە وەڵامی پرسیاری خەڵک و چالاکڤانان و ئامادەبووانی بێستوون تۆکی دایەوە، ئەو لە بەرنامەی بێستوون تۆک کە شەوانە بێستوون عوسمان پێشکێشکاری رووداو پێشکێشی دەکات گوتی، "لەوەتەی 2003وە شتی زۆر لەدوامانەوە جێماون ، بۆ نموونە باسی دەردەسەرییەکانمان بکە لەکارەبا،دەردەسەری لە ئاو و ئاوەڕۆ،خواست و داوای شەقام لە قوتابخانە، نەخۆشخانە و تادوایی، ئەو شتانەی جێماون لەگەڵ چارەسەرییەکانیش ئەوەندە نین جێگەی باس بن، بەجۆرێک لە بەرنامەی حکومەتی ئێستا زۆر لە دەردەسەری و دەیان پڕۆژە جێهێڵدراون و دەیەوێت چاکی بکات،حکومەت بەرپرسیارێتییەکەی هەڵگرتووە و شەو و رۆژ کاردەکات بۆ هەندێک هەنگاوی پێویست لەوبارەوە.''
 
محەممەد شیاع سوودانی کارەکانی لە حکومەت کردووەتە دروشمێک لە پارێزگا جیاوازەکان رایگەیاندووە، "بەردەوامدەبین لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان."
 
محەممەد سەیهود لەوبارەوە دەڵێت، "پێویستمان بە کاتی زیاترە، بۆئەوەی بتوانین هەموو کێشە و پرسەکان چارەسەر بکەین، کاتێک بەرنامەی حکومەتمان راگەیاند، ناڵێین دەیکەین، بەڵکو دەڵێین کردوومانە لە سێ ساڵی رابردوودا، رەنگە 20%ی کارەکانمان جێبەجێکردبێ و 80%ی مابێت، بۆئەوەی بگەینە ئەو قۆناخەی کە تۆ و برایانی دیکە بیری لێدەکەنەوە.''
 
لەبارەی پەسندکردنی پڕۆژەکان، پەرلەمانتارەکەی عێراق دەڵێت، ''ئەو پڕۆژەیاسایانەی جێبەجێکراون، جێگەی رەزامەندی خەڵك نین بەڵکو بۆ رەزامەندی لایەنە سیاسییەکان پەسند دەکرێ، بۆیە بۆ قۆناخی داهاتوو پێویستمان بە فراکسیۆنێکی گەورەی پەرلەمانییە تاوەکو بتوانێ دیدگە وبۆچوونی خۆی لە پێشکێشکردنی پڕۆژەیاساکان بچەسپێنێت.''
 
"دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت"
 
18 ساڵە رەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی عێراق ئامادەکراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە ساسییەکانەوە تاوەکو ئێستا یاساکە دەرنەکراوە و کورد بۆ دەرچوواندنی یاساکە چاوی لە خولی نوێیە، پێنج خولی پەرلەمان نەیتوانیوە ئەوە بکات، بەربژێرەکەی لیستەکەی سوودانی بۆ رووداو ئاشکرای دەکات لە قۆناخی داهاتوو و خولی نوێی پەرلەمان پێشینەی کارەکانیان دەرکردنی یاساکە دەبێت.
 
محەممەد سەیهود بە رووداوی راگەیاند، "دیدگەی راستەقینەی ئێمە ، بۆ ئەوەی بگەینە پەیوەندییەکی باش کە دەستوور و یاسا بنەما بێ لەنێوان هەرێـم (ـی کوردستان ) و ناوەند، پێویستە یاسای نەوت و گاز دەربکرێ لە قۆناخی داهاتووشدا پەنا بەخوا پێشینەی کارەکانمان دەبێت."
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەیهود دەڵێت، "دەزانن لە ساڵی 2005وە تاوەکو ئێستا پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەند، یاسا دیارینەکردووە، ئەو یاسایەش( یاسای نەوت و گاز)، چەندین ساڵە لەنێو رەفە دانراوە.''
 
لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییەک لەسەر جێبەجێنەکردنی دەستوور و بڕگەکانی هەیە،سەرۆک بارزانی چەند جارێک لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن داوای کردووە عێراق بڕگە و ماددەکانی دەستوور جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی کێشەکان دووبارە نەبنەوە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق.
 
محەممەد سەیهود لەبارەی جێبەجێنەکردنی دەستوور دەڵێت، "دەستوور پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەندی دیاریکردووە،ئەوەی دەمێنێتەوە راڤەی دەستوور جیاوازە، من راڤەیەکم هەیە ، تۆش راڤەیەکت هەیە، بۆ ئەو ماددە یان هەر پرسێک، کاتێک جیاوازین بەرەو دادگەی فیدراڵیی دەچین، ئەو دادگەیە راڤەکە یەکلایی دەکاتەوە ئەوکاتە ناوەند و هەرێم پابەند دەبن بەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵیی دەیدات، کێشەمان لەسەر ئەوە نییە، ئەوەی ئێستا روودەدات پابەندیی نییە بە بڕیارەکانی دادگە.''
 
محەممەد سەیهود بەرگری لە دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکات و دەڵێت، ''بێلایەنە'' و ''بێگومان بێلایەنە، عەرەب، کورد،شیعە، سوننەی تێدایە، بڕیارەکانی دادگەکە دوورە لە دەستوەردانی سیاسی و پابەندییە بۆ هەموو لایەک.''
 
'دەنگ لەسەر پارێزگای هەڵەبجە نەدراوە' 
 
رۆژی 14ـی نیسانی 2025 پەرلەمانی عێراق لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کۆبووەوە و دەنگی دا لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، بەڵام سەیهود کە پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بوو لە خولی پێنجەم بۆچوونێکی دیکەی هەیە، ئەو کاتێک باسی سیستەمی سیاسی لە عێراق دەکات لەگەڵ پێویستییەکانی گۆڕانکاری تێیدا، دەڵێت، ''18 پارێزگامان هەیە لە عێراق.''
 
بێستوون عوسمان پێشکێشکاری بەرنامەی بێستوون تۆک دەڵێت، ''19 بە پارێزگای هەڵەبجەوە،'' بەڵام ئەو دەڵێت، ''هێشتا دەنگی لەسەر نەدراوە،'' لە کاتێکدا لە نیسانی رابردوودا پەرلەمان دەنگی لەسەر دا، محەممەد سەیهود دەڵێت، ''ناچمە وەردەکارییەکەی بەڵام پەرلەمان دەنگی لەسەر نەداوە.'' دواتر دەڵێت، ''لەسەر قسەی تۆ ( بێستوون عوسمان) 19 پارێزگامان هەیە.''
 
لەبارەی گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسی و گەڕانەوەی متمانە بۆ خەڵك، بەربژێرەکەی بازنەی بەغدا دەڵێت، "پێویستە بەرەو سیستمی سەرۆکایەتی بڕۆین بەو مانایەی ئێستا دۆخەکە جیاوازە و متمانە گەڕاوەتەوە لەنێوان خەڵک، لەنێوان سیاسەتڤانان، لەنێوان حیزبەکان، بۆیە پێویستە بچینە ئەو قۆناخە بە گۆڕینی سیستم بۆ سەرۆکایەتی یان نیمچە سەرۆکایەتی بە جۆرێک سەرۆک و ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێرین.''
 
بەغدا گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنە، لیستە سوننە و شیعەکان چاویان لە 71 کورسی پارێزگاکەیە، تاڕادەیەکیش رووخساری قۆناخی داهاتوو دیاری دەکات، لە بازنەی بەغدا زۆرترین بەربژێر رکابەری دەکەن کە 2298 بەربژێرن بۆ بەدەستهێنانی 71 کورسی پارێزگاکە. ئەو پارێزگایە زۆرترین دەنگدەریشی هەیە لەسەر ئاستی عێراق کە چوار ملیۆن و 314 هەزار و 866 دەنگدەرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.