رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، گۆڕانکارى لە شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق کرا.
27ـی تشرینى دووەمى 2023، میدیاى فەرمیى عێراق بڵاویکردەوە، بە رەزامەندى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق فەرمانێکى دیوانى ئەو ئەنجوومەنە دەرکراوە بۆ گۆڕانکاریکردن لە پێکهاتەى شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق.
بەگوێرەى گۆڕانکارییەکان، لیواى فڕۆکەوان تەحسین ئیبراهیم کراوەتە سەرۆکى شانەى راگەیاندنى ئەمنى لەبرى لیوا سەعد مەعن کە ئەو پۆستەى هەبوو.
هەروەها لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق وەک جێگرى سەرۆکى شانەى راگەیاندنى ئەمنى دیاریکراوە.
یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکانى دیکە ئەوەیە کە میقداد میرى حەسەن کراوەتە گوتەبێژى شانەکە، هاوکات گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراقە.
شانەى راگەیاندنى ئەمنى عێراق پەیوەندیدارە بە سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان عێراق و زانیاری، چالاکی و هەواڵە ئەمنییەکان بڵاودەکاتەوە.
شانەکە سەر بە نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراقە و لە ساڵى 2014 دامەزرا، ئەوکاتە بەناوى شانەى راگەیاندنى جەنگى بوو، بەڵام دواتر لەساڵى 2019 گۆڕانکارى تێدا کرا و ناونرا شانەى راگەیاندنى ئەمنى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ