خەزعەلی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکات

27-11-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

قەیس خەزعەلی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات. بەپێویستی دەزانێت لێکۆڵینەوەیەکی "پیشەییانە و گشتگیر" بکرێت و ئەو لایەنانەی لەپشتییەوەن ئاشکرا بکرێن. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-11-2025، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە پۆستێکی ئێکسدا نووسیویێتی، "سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە کراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و پێمانوایە ئەم دەستدرێژییە تەنیا کار ناکاتە سەر پێگەیەکی ئابووری، بەڵکو دەستبردنە بۆ توانای دەوڵەت لە پاراستنی داهات و سامانی گەلەکەی دا".
 
شەوی چوارشەممە 26ـی مانگی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە. کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترڵکرا. 
 
بەهۆی هێرشەکەوە کارەبا لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاستێکی زۆر کەم دابەزیوە و وەزارەتی کارەبا پێویستی بە 72 کاژێرە تاوەکو کارەبای 24 کاژێری بۆ هاونیشتمانییان دابین بکاتەوە. 
 
قەیس خەزعەلی جەخت لە پێویستیی لێکۆڵینەوەیەکی "پیشەییانە و گشتگیر" دەکاتەوە کە "سرووشتی هێرشەکە و ئەو لایەنانەی لەپشتییەوەن ئاشکرا بکات، ئەنجامەکانیش بخاتە بەردەم رای گشتی، چونکە پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان تەنیا بە سزادانی بکەران بەبێ سازش بەدیدێت".
 
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق  پێیوایە، دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە دەریدەخات، "عێراق  پێویستە خاوەنی بڕیاری تەواوی سەروەریی خۆی بێت لە بەڕێوەبردنی ئاسایشی کێڵگە و دامەزراوەکان دوور لە هەر دەستوەردانێک، چونکە سامانی نیشتمانی نە بواری باج وەرگرتنە و نە کارتی ململانێیە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە