رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات و دەڵێت، "ئەو جۆرە کارە تێکدەرانەیە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەکاتە ئامانج."
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سلێمانی دەکەم و دووپاتی دەکەمەوە کە کارێکی تێکدەرانەی لەمجۆرە، ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەکاتە ئامانج."
سەرۆکی رەوتی حیکمە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، "بەدواداچوون بۆ تێوەگلاوان بکەن و رادەستی دادگەیان بکەن." هەروەها نووسیویەتی، "خوای گەورە گەل و وڵاتمان لە هەموو خراپەیەک بپارێزێت."
شەوی چوارشەممە 26ـی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیک کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترڵکراوە.
بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی گاز بۆ ئەو وێستگانە راگیرا کە بە گاز کار دەکەن، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ