رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای بەسرە، بەربژێری دەرچووی کۆتای کریستیان بە تۆمەتی "بەعسیبوون" دوورخرایەوە و بەربژێرێکی سەر بە بزووتنەوەی بابلیۆنی رەیان کلدانی شوێنەکەی دەگرێتەوە.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 26-12-2023، رەزامەندی دا لەسەر دوورخستنەوەی بەربژێر "فاهرام هایک ئەکناتیۆز" لە پارێزگای بەسرە. هەروەها هەڵوەشانەوەی پەسندکردنی لە لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەهۆی ئەوەی رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەوەریی "بەعسیبوون" دەیگرێتەوە.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران داوا لە فەرمانگەی ئۆپەراسیۆن و تەکنەلۆژیای زانیاری دەکات ئەو دەنگانەی بسڕنەوە کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان 2023 بەدەستیهێناوە، فەرمانگەی هەڵبژاردن راسپێردرا رێکاری پێویست بگرنەبەر.
بەم شێوەیە بەربژێرێکی دیکە لە لیستی بابلیۆن، بە سەرۆکایەتیی رەیان کلدانی بە ناوی نائیل غانم شوێنی دەگرێتەوە.
لە یەکەم کاردانەوەدا ئەندازیار فاهرام هایک راگەیێندراوێکی بڵاویکردەوە و دەڵێت بڕیارەکە "چاوەڕواننەکراو" بووە و لە دادگە تانەی لێدەدات.
ئەو بەربژێرە باس لەوە دەکات، کە پێشتر دۆسیەکەی رەوانەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا کراوە، بە ئەرێنی وەڵامەکەی هاتووەتەوە و بەربژێربوونی پەسندکراوە، دواتر دەستی بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە و لە ئەنجامدا کۆتای کریستیانی بردووەتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رۆژی سێشەممە، 26-12-2023 ، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەسەر بنەمای نووسراوی دەستەی لێرپرسینەوە و دادپەروەریی بڕیاری دوورخستنەوەی دەرکردووە.
ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە لە 22 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە. لە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە ئێوارەی رۆژی 19-12-2023 لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران راگەییێندرا، فاهرام هایک 1375 دەنگی هێنا، بزووتنەوەی بابلیۆن بە سەرۆکایەتیی رەیان کلدانی 954 دەنگ و هاوپەیمانی حامورابیش 383 دەنگی هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ