هاوپەیمانیی عەزم: موسەنا سامەڕایی دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی عەزم، موسەنا سامەڕایی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەربژێر دەکات و ئەندامێکی هاوپەیمانییەکەش دەڵێت، "بەهێزترین بەربژێرە." لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە رایدەگەیێنێت، داوا لە محەممەد حەلبووسی کراوە کەسێکی دیکە لە شوێنی خۆی بەربژێر بکات.
 
عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم، رۆژی شەممە، 27-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە لە چوارچێوەی متمانە و بە گەشبینی و بەڵێنی لایەنەکان، پشتگیریی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان، موسەنا سامەڕایی دەکەین."
 
حەمدانی گوتیشی، "ئێمە بەوپەڕی گەشبینییەوە دەڵێین سەرۆکی نوێی پەرلەمان موسەنا سامەڕاییە، هیچ لایەنێک دژی نییە و بەهێزترین بەربژێرە بۆ ئەو پۆستە."
 
هاوکات مەحمود قەیسی، بەربژێری سەرکەوتووی هاوپەیمانیی عەزم لە پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) نووسیویەتی، "ئەمڕۆ چەکوشەکە لە دەستی سەرۆکی عەزمدا دەبێت، مافێکە لەسەر بنەمای پێوەرە بابەتییەکان و دیدێکی بەرپرسیارانە."
 
قەیسی نووسیویەتی "موسەننا سامەڕایی سەرۆكی پەرلەمانە."
 
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کۆبوونەوەی دوێنێی هادی عامری، نووری مالیکی، عەممار حەکیم و قەیس خەزعەلی، بە محەممەد حەلبووسییان گوتووە کەسێکی دیکە وەک جێگرەوە دابنێ، چونکە خۆی ڤیتۆی لەسەرە و لایەنەکان کۆک نین لەسەری."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، محەممەد حەلبووسی، بۆ جێگرەوەی خۆی، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی فراکسیۆنی تەقەدوومی دیاریکردووە.
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 29-12-2025، کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی خۆی بکات.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی پەرلەمان، کارنامەی دانیشتنەکە بڵاوکراوەتەوە و لە دوو تەوەر پێکدێت.
 
تەوەری یەکەم؛ بریتییە لە سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی خولی نوێی پەرلەمان. دواتر، لە تەوەری دووەمدا؛ سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن.
 
سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی بۆ دەرچوونیان پێویستیان بە دەنگی زۆرینەی رەها (50+1)ی کۆی ئەندامانی پەرلەمانە.
 
بەگوێرەی زانیاریی رووداو، رێککەوتنی بەرایی نێوان لایەنە سوننەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان وایە، لەسەر بنەمای خاڵ بێت، کە پشتی بەستووە بە ژمارەی کورسیی هەر یەک لەو لایەنانە.
 
رێککەوتنەکە وایە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەر یەکێک لە لایەنەکانی تەقەدووم و عەزم بکەوێت؛ ئەگەر هاوپەیمانیی تەقەدووم پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت، پشکی لە وەزارەتەکانی حکومەتی داهاتوو یەک وەزارەت دەبێت و ئەگەر ئەو پۆستەی نەبێت دوو وەزارەت وەردەگرێت. ئەگەر سەرۆکی پەرلەمانیش بدرێتە هاوپەیمانیی عەزم، وەزارەتێکیش وەردەگرن بەبێ وەزارەتی سیادی کە بۆ تەقەدووم دەبێت.
 
سوننەکان داوای شەش وەزارەت لە حکومەتی داهاتووی عێراق دەکەن کە بەسەر لایەنە براوەکاندا دابەش بکرێت، هەریەک لە هاوپەیمانییەکانی سەروەری و حەسم یەکی وەزارەتێکیان پێدەدرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە