دادگەی فیدراڵی چوار سکاڵا لەبارەى هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێی پەرلەمانی عێراق تاوتوێ دەکات

28-01-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵی عێراق چوار سکاڵا لەبارەى هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێی پەرلەمان تاوتوێ دەکات، کە رکابەرانى ئەو پرسە لە دژى یەکدى تۆماریان کردووە.
 
لە دوو سکاڵایاندا، کە بڕیارە سبەی دووشەممە 29-01-2024 تاوتوێ بکرێن، پەرلەمانتاران یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی و حوسێن موئنیس، کە هەرسێکیان شیعەن، داوا دەکەن بەربژێرکردنى شەعلان کرەیم، بەربژێرى فراکسیۆنى تەقەدووم بۆ ئەو پۆستە هەڵبوەشێندرێتەوە و مافى ئەندامێتیشى لە پەرلەمان لێ وەربگیرێتەوە.
 
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق 14ی کانوونى دووەمی 2024 دانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتێکى نادیار هەڵگرت، ئەوەش دوای ئەوەى گەیشتە گەڕى دووەمى دەنگدان لەنێوان شەعلان کرەیم، بەربژێرى هاوپەیمانیى تەقەدووم لەگەڵ سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرى.
 
بەشێک لە پەرلەمانتارانى شیعە شەعلان کرەیم تۆمەتبار دەکەن بەوەى پەیوەندیى بە حیزبى بەعسەوە هەبووە و ئەوەش لە دژى یاساى لێپرسینەوە و دادوەرییە، کە تایبەتە بە رێگرى لە بەرپرسانى باڵاى پێشووى حیزبى بەعس بۆ ئەوەى پۆستە باڵاکان لە عێراق بگرنە دەست.
 
یەکێک لە سکاڵاکانى دیکە لەلایەن باسم خەشان، ئەندامى پەرلەمانى عێراق تۆمار کراوە، کە داوا دەکات دادگە بڕیارێکى کاتى دەربکات بۆ لێکۆڵینەوە لە مەرجى ئەو پێنج پەرلەمانتارەى خۆیان بۆ پۆستى سەرۆکى نوێى پەرلەمان بەربژێر کردبوو.
 
جگە لە شەعلان کرەیم، سالم عیساوى، لە کۆبوونەوەى 13ى کانوونى دووەمى پەرلەمان سێ بەربژێرى دیکە هەبوون کە لە گەڕى یەکەمى دەنگدان نەیانتوانى دەنگى پێویست بەدەست بهێنن بۆ ئەوەى بچنە گەڕى دووەمى رکابەرییەوە، کە پێکهاتبوون لە مەحموود مەشهەدانى، عامر عەبدولجەبار و تەڵال زەوبەعی.
 
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، سوننەکان و بەتایبەت فراکسیۆنى تەقەدووم ئەو پۆستە بە پشکى خۆیان دەزانن.
 
سکاڵاى چوارەم کە لە دادگەى باڵاى فیدراڵى تاوتوێ دەکرێت لەلایەن هەیبەت حەلبووسی و ئەحمەد جبوورى، ئەندامانى فراکسیۆنى تەقەدووم لە دژى موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان تۆمارکراوە، کە ئێستا لەبرى سەرۆکى پەرلەمان بە کاتى کاروبارى پەرلەمان بەڕێوە دەبات.
 
لە سکاڵاکەدا ئەو دوو پەرلەمانتارە سوننەیە داوا دەکەن کۆبوونەوەى 13ى کانوونى دووەمى پەرلەمان بە "نادەستوورى" بناسێنێت کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان و سەرجەم ئەو رێوشوێن و بڕیار و ئەنجامانەى لە کۆبوونەوەکە کەوتووەتەوە هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
رۆژی شەممە 27-01-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان، بڕگەی یەکەمی کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بوو، بەڵام ئەو بڕگە دواخرا تاوەکو کاتی یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دادگەی فیدراڵی لەسەر ئەو پرسە تۆمارکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە