پەرلەمانتارێک: دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە پەسند دەکرێت

28-01-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی کورد رایدەگەیێنێت، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەنگی لەسەر دەدرێت.
 
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 28-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە، پێشتر لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان رێککەوتبوون دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لە ساڵی نوێدا پرۆژەکە بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام ئێستا حەلبووسی نەماوە، دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی لە پۆستەکەی و ئەندامێتیی پەرلەمان دوورخرایەوە.
 
پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە چوار مادە پێکهاتووە. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە و چاوەڕێ دەکەن هەرکات سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرا، قسەی لەگەڵ دەکەن تاوەکو پرۆژەکە بخاتە بەرنامەی کار بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە، پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە کە بریتین لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
 
بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەرجارەو بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت. ئەم ساڵ مانگی ئەیلوول لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان فراکسیۆنە شیعە و سوونەکان پرسەکە دواخرا.
 
مەرجی شیعەکان بۆ دەنگدان بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، بەپارێزگاکردنی تەلەعفەرە، بەو جۆرەش تەلەعفەر دەبێتە پارێزگایەکی زۆرینە شیعە، لە بەرامبەر پارێزگای نەینەوا، لە هەمان کاتدا سوننەکانیش دەیانەوێت فەلـلووجە بکەنە پارێزگا.
 
رۆژی 23-11-2023 موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حەلبووسی داوای کرد پرسەکە بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوابخرێت بۆ ئەوەی ئەو پرسە نەبێتە ریکلام بۆ هیچ لایەنێک و بەڵێندرا دوای هەڵبژاردنەکان پرسەکە دووبارە بخرێتەوە دەنگدانەوە و لایەنەکان پشتگیری دەکەن."
 
رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ئەوکاتیش ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە