رووداو - بەغدا
کۆنفرانسی وزەی عێراق بە هاوبەشی و بەشداریی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا بەردەوامە. رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، لە 14 پانێل دا گفتوگۆ لەسەر مژارەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی وزە، لەنێویشیان کێشەی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەکرێت.
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سەبارەت بە کێشەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئێمە لەڕووی هونەرییەوە ئامادەین هەر کاتێک کە هەموو لایەنەکان رێکبکەون بتوانین نەوت هەناردە بکەینەوە."
بە گوتەی وەزارەتی نەوتی عێراق، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە، کە بە گرێکوێرەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دادەندرێت، کارەکانی لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەردەوامن.
عەلی مەسارج، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دابەشکردن دەڵێت، "لیژنەیەک هەیە لەسەر ئاستی بریکارەکانی هەردوو وەزارەت بە مەبەستی چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان، گرنگترینیان زانین و گەیاندنی ئەو داتا تەکنیکیانەیە کە هەرێمی کوردستان هەیەتی و کۆمپانیا بیانیەکانی وەبەرهێنانیش هەیانە لە هەرێمی کوردستان، دەبێت رادەستی حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکرێت، بۆئەوەی بچمە ناو وردەکاری و جۆری ئەو گرێبەستانە، تاوەکو چارەسەر بکرێت و ئەم گرێبەستانە بگونجێنن بۆ پابەندبوون بە یاسا کارپێکراوەکان."
رێککەوتنی هەولێر - بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان پرۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجەی لێکەوتەوە، بەڵام لە دوو دانیشتنی رابردووی پەرلەماندا بەهۆی گرژی، لە بەرنامەی کار لادرا.
هاوکات لەگەڵ هەوڵە نێوخۆیی و جیهانییەکان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، هەوڵەکانی عێراق بۆ زیادکردنی هەناردەکردنی نەوتی خۆی، لای سیاسییەکانی کورد بانێکە و دوو هەوا، کە بەغدا بە کات کوشتن، رۆژ دەخاتە سەر رۆژانی رێگری لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ