رووداو دیجیتاڵ
رووداو لە دوو سەرچاوەی باڵای ئەمنیی عێراقەوە زانیاریی دەستکەوتووە کە چوار کاروان دەستگیرکراوی داعش هێندراونەتە عێراق و سەرجەمیان لە حەسەکە زیندانی کرابوون.
بەگوێرەی دوو سەرچاوەی باڵای ئەمنیی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، 475 چەکداری پێشووی داعش بە چوار کاروان لە سووریاوە براونەتە نێو عێراق.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کرد، سەرجەم ئەو دەستگیرکراوانەی داعش، لە زیندانی غوێران لە حەسەکە زیندانی کرابوون.
لە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئۆپەراسیۆنێکی بۆ گواستنەوەی نزیکەی 7000 دەستگیرکراوی پەیوەست بە داعش دەستپێکرد، لەو شوێنانەی پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدا بوون بۆ شوێنی پارێزراو لە عێراق.
یەکێک لە سەرچاوەکان بە رووداوی گوت، "لەو 475 دەستگیرکراوە 95%یان بیانین و بەشی هەرە زۆریشیان خەڵکی سووریان."
سەرچاوە ئەمنییەکە باسی لەوە کرد، ئەو زیندانیکراوانەی نێو زیندانی غوێرانی حەسەکە، لە "مەترسیدارترینەکان"ی داعشن و بەشی زۆریان فەرماندە بوون.
24ی ئەم مانگە، سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی هەسەدە 15 رۆژ ئاگربەستیان درێژکردەوە و ئامانجیش لە درێژکردنەوەکە "پشتیوانیکردنە لە ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی زیندانییانی رێکخراوی داعش لە زیندانەکانی هەسەدەوە بۆ عێراق."
سەرچاوەی دووەمی رووداو رایگەیاند، "ناتوانرێت لەماوەی ئەو چەند رۆژەی ماوە سەرجەم زیندانییەکان بهێندرێنە نێو عێراق، بۆیە بە دڵنیاییەوە پێویستمان بە درێژکردنەوەی زیاتری ئاگربەست دەبێت."
سێنتکۆم دەڵێت، ئامانجی ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەکە دڵنیابوونە لە مانەوەی چەکدارانی پێشووی داعش لە ناوەندە ئەمنییە پارێزراوەکان و رێگریکردن لە هەر مەترسییەکی بڵاوبوونەوەیان.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رۆژی 23ی ئەم مانگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق و یاسا سزاییە کارپێکراوەکان، دادگەی عێراق دەستی کردووە بە گرتنەبەری رێکاری دادوەریی بەرامبەر ئەو تۆمەتبارانەی داعش کە پێشتر لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون و دەهێندرێنە نێو عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ