رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لێدوانی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "عێراقییەکان لە توانایاندایە ئەو کەسە بەربژێر بکەن کە دەتوانێت وڵات بەرەوپێش ببات."
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە 28ی کانوونی دووەمی 2026، لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، وەک بەرگریکردن لە سەروەریی عێراق و پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و کاریگەری دروستکردن لەسەر جێگۆڕکێی ئاشتییانەی دەسەڵات و بڕیاری سەپێنراوی دەرەکی رەتدەکەینەوە.
ئەو بزووتنەوەیە دەڵێت: "عێراقییەکان لە توانایاندایە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان دیاری بکەن و بژارەکانیان دەستنیشان بکەن و ئەو کەسە بەربژێر بکەن کە پێیان وایە دەتوانێت وڵات بەرەوپێش ببات."
ئەو هەڵوێستەی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە دوای ئەوە بوو کە شەوی 27ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دا و گوتی، ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا "ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق جەختی لەوە کردەوە، پشتیوانی لە هەڵوێستەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکەن، کە یەکپارچەیی خاکی وڵات مسۆگەر دەکات و سەروەریی عێراق دەپارێزێت.
ئەو بزووتنەوەیەی کە 27 کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، یەکێکە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا، داوای لە هێزە سیاسییەکانى عێراق کردووە بڕیاری نیشتمانی یەک بخەن و بەرژەوەندیی نیشتمانی پێش بخەن، بۆ بەهێزکردنی پایە سیاسییەکانی عێراق و پاراستنی لە بەرامبەر ئاڵۆزییەکان و ئاستەنگە نێوخۆیی و دەرەکییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ