چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی پەیامەکەی ترەمپ کۆدەبێتەوە؛ "مالیکی ناگۆڕین"

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر دەڵێت، هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی نووری مالیکی دەستوەردانێکی روونە لە کاروباری ناوخۆی عێراق و مالیکی ناگۆڕن. 

بەرپرسێکی دەوڵەتی یاساش دەڵێت، هەموو کەناڵێکی دیپلۆماسی دەگرنەبەر بۆ رەواندنەوەی هەر نیگەرانییەک لەبارەی مالیکییەوە هەیە. هەروەها، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی رەوتی حیکمە دەڵێت: "دەبێ رەچاوی دۆخی عێراق و نێودەوڵەتی بکرێ، لۆژیکانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکرێ". گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراقیش دەڵێ، ئەم ئێوارەیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی پەیامەکەی ترەمپ کۆدەبێتەوە. 
 
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری کە هێزەکەی یەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، رۆژی چوارشەممە 28-1-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەستوەردانێکی روونە لە کاروباری ناوخۆی عێراق و بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی دەبینەوە و ناچینە ژێر باری داواکارییەکەی بۆ گۆڕینی نووری مالیکی."
 
بە گوتەی ئەبو میساق مەساری، "ئەمە هەر دژایەتیی نووری مالیکی نییە، بەڵکو دژی ئەو پەیڕەو و سیستمەیە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پەیڕەوی دەکات. ئەمڕۆ ئەمریکا داوای گۆڕینی مالیکی دەکات، سبەی رەنگە بەهەمان شێوە کەسانی دیکەش رەتبکاتەوە و داوای دیکەش بکات."
 
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی بەدر گوتی: "ئەمە هەڵوێستێکی خۆبەزلزانی و داگیرکارییە، پێویستە بەرەنگاری ببینەوە و دەبێت عێراقییەکان بڕژێنە سەر شەقام و هەموو چین و توێژەکان سەرکۆنەی بکەن و رەتیبکەنەوە؛" هەروەها گوتیشی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە و هەڵوێستی خۆی لەوبارەوە دەردەبرێت.
 
ئەبو میساق مەساری بێباکیی خۆی لە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ دەربڕی و گوتی: "ناگاتە ئاستی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، بەڵام رەنگە ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ عێراق کەمبکاتەوە، ئەوەش ئاساییە و سازش لەسەر سەروەریی وڵاتەکەمان ناکەین."
 
هاوکات عارف حەمامی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە بەرپرسانی حیزبی دەعوە بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، رۆژی چوارشەممە، 28-1-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەڵوێستی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی بەربژێربوونی نووری مالیکی رەتدەکەنەوە و گوتی، ئەو قسانە "دەستوەردانی روونە لە سەروەریی و کاروباری ناوخۆی عێراق".
 
عارف حەمامی گوتی: "نووری مالیکی پشتوانیی نیشتمانی هەیە و لەلایەن کورد و زۆرینەی سوننەکان پشتیوانی دەکرێ، بۆیە سوورن لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی و بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین بیگۆڕن".
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی دەوڵەتی یاسا، "بۆ رەواندنەوەی هەر ترس و نیگەراییەک لەبارەی بەربژێربوونی نووری مالیکی هەیە، تەواوی کەناڵ و رێگە دیپلۆماسییەکان دەگرینەبەر بۆ ئەوەی روونکردنەوەی پێویست بدەن".
  
رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم کە هەر لە سەرەتاوە تێبینی لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی هەبوو، لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەنگی بە بەربژێرکردنی مالیکی نەدا. 
 
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی رەوتەکە لەبەر هەستیاریی دۆخەکە نەیتوانی ناوی ئاشکرابکات، بەڵام بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەبێ رەچاوی دۆخی عێراق و نێودەوڵەتی بکرێ، لۆژیکانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشهێاتە بکرێ و کارێکی وانەکرێت لە داهاتوودا زیان بە عێراق بگات، عێراق دوورەپەرێز و گۆشەگیربکرێت و زیانی پێبگات".
 
هاوکات عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بە سەرۆکایەتیی هومام حەموودی و یەکێک لە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە رووداوی گوت: "پێویستە پەیوەندیی وڵاتان لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنانە و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی دیکە بێت. پەرۆشین پەیوەندییەکی هاوسەنگ و ئەرێنیمان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت کە لەسەر بنەمای رێزی یەکدی و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی بێت".
 
عەلی دیفاعی گوتی، ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ دەستوەردانێکی روونن لە سەروەریی و کاروباری ناوخۆی عێراق و قبووڵکراو نین و گوتی، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە کۆبێتەوە.
 
بەگوتەی گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، "ئامادەنین بچنە ژێرباری هیچ گوشارێک بۆ گۆڕینی نووری مالیکی، بەڵام بەژەوەندی باڵای نیشتمانی عێراق چ بخوازێت ئامادەن رێکار پێویست بگرنەبەر". 
 
عەلی دیفاعی گوتی: "هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران بابەتێکی دەستووریی عێراقییە، بەگوێرەی بڕگەکانی دەستوور و میکانیزمەکانی پرۆسەی سیاسی دەبێت، بەشێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری بکات و سەروەری و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی بپارێزێت".
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بە زۆرینەی دەنگ، نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە. شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: "دەبیستم وڵاتی گەورەی عێراق لەوانەیە بژاردەیەکی زۆر خراپ بکات بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی مالیکی کرد و گوتی: "دوایین جار مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵاتەکە تێکەوتە نێو هەژاری و پاشاگەردانییەکی تەواو. نابێت رێگە بدرێت ئەوە دووبارە ببێتەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی تووند دەدات و دەڵێ: "بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا شێتانەکانییەوە، ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر یارمەتیی عێراق نادات و، ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ شانسێکی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن یان ئازادی نابێت."
 
شبل زەیدی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی ئیمام عەلی و یەکێک لە سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەرگری لە نووری مالیکی، بەربژێری چوارچێوەکە دەکات و دەڵێ، تۆمەتبارکردنی مالیکی بە تووندڕۆیی و دروستکردنی پشێوی "ستەمێکی گەورە و چەواشەکردنی رای گشتییە."
 
زەیدی رۆژی چوارشەممە، 28-1-2026، لە پەیامێکدا کە لە هەژماری ئێکسی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە پرسی دروستبوونی داعش پەیوەندی بە ئەمریکاوە هەیە و دەڵێت: "سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دەڵێت: 'داعش دروستکراوی ئەمریکییە و لەلایەن ئۆباما، بایدن و هیلاری کلینتۆنەوە دروستکراوە'."
 
سەبارەت بە بنەماکانی سیستمی سیاسی لە عێراق، شبل زەیدی دەڵێ: "دابەشکاریی نەتەوەیی و تائیفی لەلایەن پۆڵ برێمەرەوە و لە رێگەی چەسپاندنی سیستمی پشکپشکێنە لە ئەنجوومەنی حوکمدا داهێنرا کە تاوەکو ئێستاش عێراق بەدەست لێکەوتەکانی ئەو سیستمەوە دەناڵێنێت."
 
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باس لەوە دەکات، لەو کاتەی عێراق کەوتبووە نێو "پیلانگێڕیی شەڕی تائیفی"، نووری مالیکی " سیمبوولی پیاوی دەوڵەت و میانڕۆیی بوو و یەکێکە لە بونیاتنەرانی گرنگی دەوڵەتی نوێی عێراق و کۆڵەکەیەکی پرۆسەی سیاسییە."
 
زەیدی پەیامەکەی بە پەندێک کۆتایی پێدەهێنێت و دەڵێت: "تۆمەتەکەی خۆی خستە پاڵ من و خۆی لێ دەرچوو،" وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەوانەی مالیکی تۆمەتبار دەکەن، خۆیان هۆکاری کێشەکانن.
 
هاوکات ئەیاد جەمالەدەین، یەکێک لە کەسایەتییە ئایینی و سیاسیە دیارەکانی شیعەکان، داوا خۆپێشاندانی ملیۆنی دەکات لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دژی ئەوەی خۆی بە دەستوەردانی ئەمریکی لە کاروباری ناوخۆی عێراق ناوی دەبات؛ هەروەها داوای دەرکردنی باڵیۆزی قەتەر و پچڕانی هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکات.
 
درەنگانی شەوی رابردوو، پەیجی فەرمیی حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی لە فەیسبووک، وێنەیەکی نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حیزبەکەی دانا و لەگەڵیدا ئایەتێکی قورئانی پیرۆزی نووسیوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە