رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی عێراق دەڵێت، هاوپەیمانییەکە لەبارەی گوتەکەی دۆناڵد ترەمپ تایبەت بە بەربژێرکردنی نووری مالیکی کۆدەبێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەر بڕیارێک چوارچێوەی هاوئاهەنگی بیدات، ئەوانیش پێوەی پابەند دەبن.
رۆژی چوارشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2026، فیراس مەسلەماوی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە بەشێکین لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هەر بڕیارێک ئەوان بیدەن بۆ ئێمە پابەندکەرە. بەپێی دەستووریش، گەورەترین فراکسیۆن مافی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی هەیە، بۆیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە."
گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان گوتی: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەرژەوەندیی عێراق دەڕوانێت و پێشتریش ئەزموونی سەرکەوتووی لە پێکهێنانی حکومەت هەبووە. ئێستا ئەم چوارچێوەیە یەکگرتووتر و بەهێزترە."
شەوی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دا و گوتی، ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا "ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."
لەبارەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی، فیراس مەسلەماوی دەڵێت "وەک هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان هێشتا کۆنەبووینەتەوە بۆ بڕیاری کۆتایی" و بڕیارە بە زوویی کۆبوونەوەیەک بکەن، بەڵام وەک بەشێکی سەرەکی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پابەندی ئەو بڕیارانەن کە چوارچێوەکە دەیاندات.
بڕیار بوو دوێنێ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بکرێ، بەڵام دانیشتنەکە دواخرا. بڕیارەکە دوای ئەوە هات پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای مۆڵەتی زیاتریان کرد بۆ ئەوەی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش یان میکانیزمی چوونە نێو پەرلەمان رێکبکەون.
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریش، فیراس مەسلەماوی گوتی: "دەبێت پەلە بکرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، چونکە ئەمە هەنگاوێکی دەستوورییە و رێگە خۆشکەر دەبێت بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران."
گوتیشی: "هیوادارین لایەنە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان لەسەر یەک بەربژێری هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکبکەون. هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە، بۆیە رێککەوتنی لایەنە کوردییەکان زۆر گرنگە."
گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاند: "دواکەوتنی پرۆسەکە لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە. ئێمە لەگەڵ هەر کەسێکداین کە هەردوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان لەسەری رێکبکەون بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی بەڕێوە بچێت."
19 بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە رکابەریدا ماونەتەوە، بەڵام ململانێی سەرەکی لەنێوان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ