کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق: وڵاتەکەمان لەبەردەم جەنگێکی وێرانکەردایە و تەنیا 10 رۆژ دەرفەت ماوە

49 خولەک له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
ئاراس حەبیب، سکرتێری گشتیی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق. وێنە: رووداو
ئاراس حەبیب، سکرتێری گشتیی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق هۆشدارییەکی تووند دەداتە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و دەڵێت، ناوچەکە لەبەردەم مەترسیی جەنگێکی گەورەدایە و "کۆکردنەوەی ئەو هەموو هێزەی ئەمریکا کە لە ساڵی 2003وە وێنەی نەبووە، دەیسەپێنێت کە پێویستە عێراق بەپەلە بڕیاری خۆی بدات."
 
ئاراس حەبیب، سکرتێری گشتیی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی، پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆر روون و جیدییە، بەتایبەت لەبارەی بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
 
"چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە"
 
لەبارەی پێداگیری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، ئاراس حەبیب گوتی، "لە کۆی 12 لایەنی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، 10 لایەنیان مالیکییان بەربژێر کردووە، بەڵام دوای پەیامەکەی ترەمپ، دەبێت یان چاو بە بڕیارەکەیاندا بخشێننەوە یان بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرن. عێراق بەرگەی کێشەی نوێ ناگرێت، بەتایبەت ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران."
 
سکرتێری گشتیی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق ئاماژە بە جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات و دەڵێت، "دوو فڕۆکەهەڵگر لە ناوچەکەدان، نزیکەی 100 هەزار سەرباز و هەزاران فڕۆکەی جەنگی لە بنکەکانی کوێت، قەتەر، سعودیە، ئیمارات و ئینجەرلیک ئامادە کراون، ئەمانە بۆ پیاسە نەهاتوون و ملیاران دۆلار تێچوویان هەیە. پێموایە 10 رۆژی یەکەمی مانگی ئادار زۆر مەترسیدار دەبێت."
 
ئاراس حەبیب گوتیشی، "ئەگەر جەنگ رووبدات، ناوچەکە بەرەو نەهامەتی و هەڵدێر دەچێت، بازاڕی نەوت و ئابووریی جیهان تێکدەچێت و عێراق کە ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەری هەیە، ناتوانێت بەرگەی بڕیاری جەنگ بگرێت."
 
مەرجەکانی ئەمریکا بۆ عێراق
 
سکرتێری گشتیی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق گوتیشی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی 7 خاڵیی ئاراستەی عێراق کردووە، تێیدا جەخت لەسەر "چارەنووسی گرووپە چەکدارەکان، نەهێشتنی چەکی بالیستی، بنبڕکردنی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی دۆلار" کراوەتەوە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ترەمپ لەسەر پرسی مالیکی زۆر جیدییە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئاراس حەبیب رەخنەی لە هێواشی لایەنە سیاسییەکان لە بڕیاردان گرت و گوتی: "هەندێک دەڵێن با بوەستین تاکو دوای رەمەزان، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل گوێ بە رەمەزان نادەن. ئەگەر ترەمپ دەست بەسەر پارەی عێراقدا بگرێت، ئابووری وڵات دادەڕمێت. دەبێت عێراق بێلایەن بێت و واز لە دروشم بهێنێت."
 
رۆڵی سەرۆک بارزانی و کورد لە هێورکردنەوەی دۆخەکە
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئاراس حەبیب ستایشی رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانیی کرد و رایگەیاند، "سەرۆک بارزانی وەک باوکم وایە و هەمیشە جەخت لە هاوبەشی، نوێنەرایەتی و سازان دەکاتەوە. پێموایە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی (سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) دەتوانن رۆڵێکی کارا بگێڕن بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و پاراستنی وڵات لە جەنگ."
 
ئاراس حەبیب گوتیشی، دووژمنایەتیکردنی ئەمریکا هیچ خێرێکی بۆ عێراق تێدا نییە، "پێمان خۆش بێت یان نا، ئەمریکا گەورەی جیهانە و دەبێت ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ بکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە