وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەواڵی تەقەکردن لە سنووری کوێتەوە رەتدەکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە تەقەکردن لە لایەنی کوێتەوە بەرەو خاڵە سنوورییەکانی پارێزگای بەسرە دەکەن و رایدەگەیێنێت، ''دۆخی سنوور بە تەواوی جێگیرە.''
 
رۆژی هەینی 27-02-2026 وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بەوەی لە لایەن کوێتەوە تەقە لە خاڵێکی سنووریی عێراق لە پارێزگای بەسرە کراوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم دەنگۆیانە بە هیچ شێوەیەک راست نین و هیچ رووداوێکی لەو شێوەیە لە ناوچەکەدا تۆمار نەکراوە." وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، دۆخی سنووری نێوان هەردوو وڵات ئاساییە.
 
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات، لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا ورد بن و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن. هەروەها هۆشداری داوە لەوەی، "نابێت رێگە بدرێت بە بڵاوبوونەوەی ئەو پڕوپاگەندانەی کە کاریگەریی نەرێنی دەخەنە سەر پەیوەندییە برایانەکانی نێوان کۆماری عێراق و دەوڵەتی کوێت."
 
21ى شوباتى 2026 وەزارەتى دەرەوەى عێراق نەخشەى پۆتانی سنوورە دەریاییەکانى رادەستى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. کوێت و چەند وڵاتێکی دیکەى ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و کەنداو ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەو هەنگاوەى عێراق دەربڕى، بەپاساوى ئەوەى "مافى کوێتی لەو نەخشانەدا پێشێل کردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە