یەکەم گەشتی حاجیانی عێراق بۆ مەککە دەستپێدەکات

28-05-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق یەکەم گەشتی ئاسمانی و وشکانیی حاجیانی راگەیاند و دەڵێت، رۆژی سێشەممە یەکەم گەشتی حاجیان بە رێگەی ئاسمانی و رۆژی هەینیی داهاتووش بە رێگەی وشکانی دەستپێدەکات.
 
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق رۆژی یەکشەممە 28-05-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 30ی ئایار یەکەم گەشتی ئاسمانیی حاجیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی محەممەد بن عەبدولعەزیز لە شاری مەدینە دەستپێدەکات و هەموو ئامادەکارییەکانیش تەواو بوون.
 
حاجیان بە رێگەی شەش فڕۆکەخانە (بەغدا، نەجەف، بەسرە، کەرکووک، هەولێر و سلێمانی) گەشت دەکەن کە رۆژانە پێنج گەشت دەبێت. یەکەم کاروانی حاجیانیش بە رێگەی وشکانی رۆژی هەینی 2ی حوزەیرانی داهاتوو دەبێت. 671 پاسی گەشتیاریی نوێ ئامادە کراون بۆ گواستنەوەی حاجیان لە پارێزگاکانیان.
 
رۆژی پێنجشەممە 25-05-2023 عەبدولحەکیم نەسرەت، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی خزمەتگوزاری لە دەستەی حەج و عومرەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەی حاجیانی عێراق ئەمساڵ گەیشتووەتە 37 هەزار کەس.
 
رۆژی دووشەممە 01-05-2023 وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا تێچووی ئەمساڵی حەجی راگەیاند و گوتی، "ئەوانەی ئەمساڵ مافی حەجکردنیان هەیە، لە سبەینێوە سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە بکەن بە مەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکانیان و پێدانی بڕی تێچووی حەج، کە بۆ ئەمساڵ بە رێگەی ئاسمانی 4500 و بە وشکانیش 3800 دۆلارە."
 
بەگوێرەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، "بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووی حەجی ئەمساڵ لەسەر هاووڵاتییان، وەزارەت پاڵپشتیی پرۆسەی حەجی ئەمساڵی بە بڕی 330 هەزار دۆلار کردووە، بۆئەوەی تێچووی حەجی ئاسمانی و وشکانی کەمبکرێتەوە و نرخەکەیش هاوتا بێت لەگەڵ ئەو نرخەی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لە حاجیانی عێراق وەردەگرێت."
 
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی لە چەند رۆژی رابردوودا بە نووسراوی فەرمی تێچووی گەشتی حەجیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانی ناردووە کە بەمشێوەیە: تێچووی پرۆسەی حەج بۆ هەر حاجییەک لە شاری مەدینە لە لایەن دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق دانراوە بەمشێوەیە: بە رێگەی ئاسمانی 450 و بە وشکانی 187 دۆلارە؛ هۆتێلی مەدینە بۆ ئەو کەسانەی بە هەردوو رێگەکە دەڕۆن 446 دۆلارە؛ خواردنی خۆراک لە مەدینە لە گەشتی ئاسمانی 62 دۆلار لە وشکانی بە 78 دۆلارە؛ سەرپەرشتیاری سعوودی -الوکلاء الموحد بۆ گەشتی ئاسمانی 446 دۆلار و بۆ وشکانی نییە؛ دامەزاروەی المطوفین بۆ هەردوو گەشتەکە 1204 دۆلارە؛ گەشتی ناوخۆیی لە مەدینە بۆ گەشتی ئاسمانی 48 دۆلار و بۆ گەشتی وشکانی بە 53 دۆلارە؛ کرێی حەواڵەی پارە بۆ سعودیە بۆ هەردوو گەشتەکە 10 دۆلار و کۆی خەرجی عێراق لە سعودیە – مەدینە بۆ گەشتی وشکانی 1973 و بۆ ئاسمانی 2671 دۆلارە. 
 
تێچووی حەج بۆ هەر حاجییەک لە شاری مەککە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە بەشێکی خەرجدەکرێت، بەمشێوەیەیە: گەشتی ئاسمانی و گەشتی وشکانی هەن؛ هۆتێلی مانەوەی حاجیان لە شاری مەککە بۆ هەردوو گەشتەکە 1300 دۆلارە؛ خواردنی خۆراک لەلایەن حاجیان بۆ هەردوو گەشتەکە 380 دۆلارە؛ خەرجی جۆراوجۆر 229 دۆلار و کۆی خەرجی لە سعودیە – مەککە 1900 دۆلارە. 
 
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تێچووی هەر حاجییەک بە رێگەی گەشتی ئاسمانی 4571 دۆلارە و بە پاڵپشتی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی دەبێتە 4500 دۆلار؛ هەروەها تێچووی حەجی وشکان 3873 دۆلارە و بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە  3800 دۆلار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە