ژنە پەرستیارێک لە میسان دەرمان ناداتە پێنج کەس و بەو هۆیەوە دەکوژرێ

28-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێنج کەس لە پارێزگاى میسانی عێراق ژنە پەرستیارێک دەکوژن، ئەوەش بەهۆى ئەوەى ئامادە نەبووە حەبیان پێ بفرۆشێت.
 
رووداوەکە شەوى 27ـی ئایارى 2025 روویداوە؛ پێنج کەس کە لەو هێرشەدا تۆمەتبار بوون، دەستگیرکراون. 
 
بە گوێرەى راگەیێندراوى پۆلیسى میسان، پێنج کەس کاژێر 2:40 خولەکی رۆژی سێشەممە چوونەتە سەر دەرمانخانەکە و هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ژنەی لەوێ بووە، ئەوەش بەهۆى ئەوەى ئامادە نەبووە حەبی هۆشبەریان پێ بفرۆشێت.
 
پۆلیسی میسان دەڵێت، ئەو ژنە دواى گواستنەوەى بۆ نەخۆشخانە، کاژێر 12:40ـی بەرەبەیانى ئەمڕۆ گیانى لەدەستداوە. 
 
شەوى رووداوەکە چوار کەس بەتۆمەتى بەشداریکردن لەو ھێرشەدا دەستگیرکراون و تۆمەتبارى پێنجەم ئەمڕۆ چوارشەممە دەستگیرکراوە. 
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە پۆلیسی میسان بە رووداوى گوت: "ئەو ژنە وەک کارمەند لە دەرمانخانەکە کارى کردووە، لەلایەن ئەو پێنج کەسەوە تەقەی لێکراوە؛ یەکێک لەو پێنج کەسە پێشینەى تاوانى هەبووە".
 
ئەو ژنەى کوژراوە، جگە لەوەى لەو دەرمانخانەیە کارى کردووە، مامۆستاى زانکۆش بووە.
 
لقى میسانى سەندیکاى دەرمانسازانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە دا، ئەو ژنەى کوژراوە، ئامادە نەبووە بێ رەچەتە ئەو جۆرە حەبە بداتە ئەو کەسانە و بۆیە کوشتویانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە