کۆمیسیۆن دەست بە وردبینیی ناوی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات

28-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەست بە وردبینیی ناوی بەربژێرەکان دەکات و دەڵێت، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە 15 رۆژدا وەڵامی بدەنەوە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 28ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکان لە هاوپەیمانێتی و پارتەکان کۆتایی هاتووە و کۆمیسیۆن دەستی بە وردبینیی ناوەکان کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا قۆناخی یەکەمی وردبینییەکە تەواو بێت.
 
لە 25ی مانگی رابردوودا دەرگای پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکان کرایەوە و رۆژی 26ی ئەم مانگە دوایین وادە بوو بۆ پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکان. 
 
عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تەواوبوونی وردبینیی سەرەتایی، کۆمیسیۆن ناوەکان بۆ پشکنینی شایستەیی رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە بریتین لە وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ،  پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەڵگە و تاوان.
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن گوتیشی، "پێویستە ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە لە 15 رۆژدا وەڵامی کۆمیسیۆن بدەنەوە، دواتر ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناوی بەربژێرەکان بە شێوەی کۆتایی پەسند دەکات."
 
هەر لەوبارەوە جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت، کۆی گشتیی پرۆسەی وردبینی لە ناوی بەربژێرەکان، نزیکەی یەک مانگ دەخایێنێت.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە