رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەیەک رۆژدا تاوتوێى 12 سکاڵا دەکات کە لە دژى 11 ژنە پەرلەمانتارى عێراق تۆمار کراون، سکاڵاکاران کە زۆرینەیان پیاون، دەڵێن ئەو ژنانە جێگەى ئەوانیان گرتووەتەوە و دەبێت ئەندامێتى پەرلەمانیان هەڵبوەشێندرێتەوە.
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، یەکشەممە 30ى تەممووز تاوتوێى 12 سکاڵا دەکات کە لە دژى 11 ژنە پەرلەمانتارى ئێستاى عێراق تۆمار کراون.
سکاڵاکان تایبەتن بە هەڵوەشاندنەوەى ئەندامێتیی ئەو ژنە پەرلەمانتارانەوە کە لەلایەن بەربژێرانى هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى عێراق تۆمار کراوە کە لە 10ى تشرینى یەکەمى 2021 کرا.
سەرجەم سکاڵاکان لەسەر ئەو پەرلەمانتارە ژنانە تۆمارکراون کە وەک کۆتا بوونەتە ئەندامى پەرلەمانى عێراق.
سکاڵاکان لەسەر سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان تۆمارکراون، لەدژى ئەو ژنە پەرلەمانتارانە و زۆرینەى سکاڵاکارانیش بەربژێرانى پیاون و دوو لە سکاڵاکان لەسەر یەک ژنە پەرمانتارن.
ئەو پەرلەمانتارانەى کە سکاڵایان لەدژ تۆمار کراوە، بریتین لە: ئینتیسار مالیکى، لە پشکى پارێزگاى بەسرە؛ دنیا عەبدولجەبار، لە پشکى پارێزگاى بابل؛ فاتیمە حوسێن، لە پشکى پارێزگاى میسان؛ زەینەب رەحیم جەیاشی، لە پشکى پارێزگاى موسەنا؛ دوعا عیقابی، لە پشکى پارێزگاى موسەنا؛ روقیە رەحیم، لە پشکى پارێزگاى میسان؛ کیفاح سوودانى، لە پشکى پارێزگاى بەغدا؛ سوعاد نەجەفى، لە پشکى پارێزگاى نەجەف؛ سارە ساڵحى، لە پشکى پارێزگاى بەسرە؛ زیکرا عەمار دلێمى، لە پشکى پارێزگاى بەغدا و فاتیمە عەباس، لە پشکى پارێزگاى بەسرە.
هەڵبژاردنى ئەم خولەى پەرلەمانى عێراق بەشێوەى فرە بازنە ئەنجامدرا و 83 کورسی کۆتاى ژن بۆ پەرلەمان دیارکرا، لە کۆى 329 کورسییەکەى ئەو پەرلەمانە.
عەبدولمونعیم هوێدی، بەربژێرى پێشووى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە سنوورى پارێزگاى واست یەکێکە لە سکاڵاکاران کە دەیەوێت جێگەى دوعا عیقابی بگرێتەوە، کە ژنە پەرلەمانتارێکى سەربەخۆى پشکى هەمان پارێزگایە.
رۆژی 28ى تەممووزى 2023، عەبدولمونعیم هوێدى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سکاڵاکەى لە 5ى نیسانى 2023 پێشکێش بە دادگەى باڵاى فیدراڵى کردووە و بۆ ئەوەى بچێتە جێگەى ئەو ژنە پەرلەمانتارە.
عەبدولمونعیم هوێدى گوتی: "5,665 دەنگم بەدەستهێناوە لەکاتێکدا ئەو پەرلەمانتارە 1,586 دەنگى هێناوە و وەک کۆتاى ژن نەبووە بە پەرلەمانتار، بەڵکو وەک کورسی قەرەبووى پارێزگاکە چووەتە پەرلەمان، ناکرێت دەنگى پێنج هەزار دەنگدەر پشتگوێ بخرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ