رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەو پێکدادانەی دوێنێ لە بەغدا روویدا، "پلان بۆ داڕێژراو" بووە و مەبەست لێی، "هەڵگیرساندنی ئاژاوە و تێکدانی ئاسایش" بووە. دەشڵێت، "لایەن نەبووین لە شەڕەکەدا."
رووداوەکە دوێنێ یەکشەممە روویدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە فەرمانگەیەکی کشتوکاڵ لە بەری کەرخی بەغدا؛ ژمارەیەک چەکداری سەر بە دوو لیوای حەشدی شەعبی هەڵیانکوتایە سەر فەرمانگەکە و بەهۆیەوە 14 چەکدارى هەردوو لیواى 45 و 46ى حەشدی شەعبی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
رۆژی دووشەممە 28-07-2025 کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "رووداوەکە دوای ئەوە گەیشتووەتە ئاستی پێکدادان کە، یەکێک لە ئەفسەرەکان بە ناوی عومەر عوبەیدی، هەنگاوێکی پەلە و بێ پاساوی گرتەبەر و دەستیکرد بە تەقەکردن لە پاسەوانانی بەڕێوەبەری لەسەرکارلادراوی فەرمانگەی کشتوکاڵی پارێزگا."
حیزبوڵڵای عێراقی ئاماژە بەوە دەکات، لەبەر مەترسیداری دۆخەکە، گەمارۆدراوەکان ناچاربوون داوای یارمەتی لە کەسوکاریان بکەن کە لە نزیک شوێنی رووداوەکە بوون، لە نزیک سەربازگەی سەقر. کۆمەڵێک لەوانە بەبێ هاوئاهەنگی و بە مەبەستی فریاکەوتنی بریندارەکان. بەڵام هێزە ئەمنییەکان دوایان کەوتن کاتێک ویستیان بگەڕێنەوە بنکەکانیان، ئینجا سەربازگەکە و دەوروبەریان گەمارۆدا و چەکدارانی حەشدیان دایە بەر گولـلەبارانی هەڕەمەکی.
حیزبوڵڵای عێراقی رەخنە لە هێزە ئەمنییەکان دەگرێت و دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکان هەر بەوەندە نەوەستان، بەڵکو ژمارەیەک لە سەردانیکەران و کارمەندانی سەر بە حەشدیان دەستگیرکرد، کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو رووداوەی فەرمانگەی کشتوکاڵەوە نەبوو. دەزگا ئەمنییەکان وێنەکانیان لە رێگەی میدیاکانەوە بڵاوکردەوە، کە دیمەنێک بوو دوور بوو لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی."
بەگوتەی حیزبوڵڵا، "ئەگەر دەستوەردانی خێرخوازان لە پەرلەمانتاران و ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری نەبووایە، "بڵێسەی ئەم قەیرانە دەستکرد و پلان بۆ داڕێژراوە دانەدەمرکایەوە، کە مەبەست لێی تەنیا هەڵگیرساندنی ئاژاوە و تێکدانی ئاسایش بوو."
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا جەخت دەکاتەوە کە ئەوان لایەنێک نەبوون لە شەڕەکە و هۆشداریش دەدات لەوەی، "ئەم گرژییە تەنیا خزمەت بە دووژمنانی عێراق دەکات و ئەجێندای پیسی لەپشتەوەیە، کە هەوڵی پەرتەوازەکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و پاڵنانی دەزگا حکومییەکان دەدات بۆ شەڕی ناوخۆیی."
راگەیێندراوەکەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دوای ئەوە هات، کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ، باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیێندراوێکدا کەتائیبی حیزبوڵڵای بە هۆکاری روودانی شەڕ و ئاژاوەکە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی ئەو قوربانییانە دەکەین کە لە رۆژی 27ی تەمووز لە یەکێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەغدا، لەسەر دەستی کەتائیبی حیزبوڵڵا کوژران، کە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی لەلایەن ئەمریکاوە پۆلێنکراوە و سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبییە."
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا هێرش دەکاتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و دەڵێت: "هەڵمەتە میدیاییە چەواشەکارانەکان، قەڵەمە بەکرێگیراوەکان و کاریگەریی پیسی هەندێک لە دەستڕۆیشتووانی دەرەوە لە جەستەی دەوڵەتدا، سەرەڕای باڵیۆزخانەی شەڕ لە بەغدا ناتوانن لە هەڵوێستی نەگۆڕ و بڕیاری یەکلاکەرەوەمان بۆ دەرکردنی هێزە داگیرکەرەکان لە خاکی عێراق پاشگەزمان بکەنەوە، جا باجەکەی هەرچەندێک گران بێت و قوربانییەکان هەرچەندێک گەورە بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ