بەتۆمەتی تێوەگلانی لە شەڕەکەی بەغدا بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی کەرخ دەستگیرکرا

28-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی کەرخی بەغدای راگەیاند کە لە شەڕەکەی دوێنێی بەغدا تێوەگلاوە.
 
رۆژی دووشەممە 28-07-2025 وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی کەرخ لەلایەن هێزێکی تایبەتی سەر بە ئاژانسی هەواڵگرییەوە دەستگیرکرا، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی راستەوخۆی لە رووداوە چەکدارییەکەی بەیانیی دوێنێ لەنێو باڵەخانەی فەرمانگەی کشتوکاڵدا".
 
دوێنێ یەکشەممە روویدا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە فەرمانگەیەکی کشتوکاڵ لە بەری کەرخی بەغدا؛ ژمارەیەک چەکداری سەر بە دوو لیوای حەشدی شەعبی هەڵیانکوتایە سەر فەرمانگەکە و بەهۆیەوە 14 چەکدارى هەردوو لیواى 45 و 46ى حەشدی شەعبی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
 
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە: "رێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکە دەگیرێتەبەر و رادەستی دادگە دەکرێت." راشیگەیاندووە: "دەزگا ئەمنییەکان چاوپۆشی لە هیچ هەوڵێک ناکەن، کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایش یان دەستبردن بێت بۆ شکۆی دەوڵەت و دامەزراوەکانی."
 
لە رووداوەکەی بەغدا کارمەندێکى پۆلیسی فیدراڵى بە پلەى رێگەپێدراو بەناوى غەزوان کەریم سەلمان روبەیعی کوژرا.
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆش، باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیێندراوێکدا کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی بە هۆکاری روودانی شەڕ و ئاژاوەکە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی ئەو قوربانییانە دەکەین کە لە رۆژی 27ی تەمووز لە یەکێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەغدا، لەسەر دەستی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کوژران، کە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی لەلایەن ئەمریکاوە پۆلێنکراوە و سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبییە".
 
کەتیبەکانی حیزبوڵڵاش بە راگەیێندراوێک بێلایەنی خۆی لە شەڕەکە راگەیاند و هێرشی کردە سەر سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و رایگەیاند: "هەڵمەتە میدیاییە چەواشەکارانەکان، قەڵەمە بەکرێگیراوەکان و کاریگەریی پیسی هەندێک لە دەستڕۆیشتووانی دەرەوە لە جەستەی دەوڵەتدا، سەرەڕای باڵیۆزخانەی شەڕ لە بەغدا ناتوانن لە هەڵوێستی نەگۆڕ و بڕیاری یەکلاکەرەوەمان بۆ دەرکردنی هێزە داگیرکەرەکان لە خاکی عێراق پاشگەزمان بکەنەوە، جا باجەکەی هەرچەندێک گران بێت و قوربانییەکان هەرچەندێک گەورە بن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پارەی دیناری عێراقی

بەڵێندەرانی عێراق: 30 تریلیۆن دینارمان لای حکومەتە

پاساوی کەمی نەختینە کێشەی لەنێوان بەڵێندەران و وەزارەتی دارایی عێراق دروست کردووە و بەهۆیەوە خۆپێشاندان دەکەن؛ بەگوێرەی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق، حکومەت 30 تریلیۆن دیناریان قەرزدارە.