عێراق
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، زۆرترین حەوزی ماسیی بێمۆڵەت لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین، بەغدا و کەرکووک بوون.
رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی پارێزگاکانی باشووری عێراق بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن؛ بەگوێرەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بوونی حەوزی ماسی نایاسایی و بێمۆڵەت لەسەر رێڕەوەکانی دیجلە و فورات، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ نەگەیشتنی ئاوی پێویست بۆ پارێزگاکانی خواروو. گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقیش دەڵێت، 10 هەزار حەوزی نایاساییان لەنێوبردووە.
دووشەممە، 28ی تەممووزی 2025 د.خالید شمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، 10 هەزار و 10 حەوزی ماسیی نایاسایی و بێمۆڵەتمان لەنێوبردووە، کە هەشت هەزار و 481 حەوز لەسەر رێڕەوی رووباری دیجلە و هەزار و 529 دانەشیان لەسەر رێڕەوی فورات دروست کرابوون."
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی، وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە لابردنی حەوزە ماسییە بێمۆڵەتەکان، رێگەش نادرێت بە دروستکردنی حەوز و دەریاچەی بەخێوکردنی ماسی یان پڕۆژەی پیشەسازی، کە کاریگەری لەسەر توانای گەیاندنی ئاو بۆ پارێزگاکانی باشوور دروست بکات.
بە گوتەی د. خالید، زۆرترین حەوزی ماسیی بێمۆڵەت لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین، بەغدا و کەرکووک بوون.
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاماژەی بەوەدا "ئەو حەوزە بێمۆڵەت و نایاساییانە" لە دەرەوەی چاودێریی تەندروستی و ژینگەیین، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە، چونکە کاری نایاساییان تێدا دەکرێت، لەوانە، پێدانی ئالیکی خراپ و ناسرووشتی، یاخود فڕێدانی پەنجەماسی نەخۆش و مرداربوو."
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی رووداو لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق وەریگرتوون، لە رۆژی 6ـی 11ـی 2022 تاوەکو 28ـی 7ـی 2025، ئەم حەوزە ماسییە بێمۆڵەتانە لەنێوبراون:
رێڕەوی دیجلە
نەینەوا: 54 حەوز
کەرکووک: 1186 حەوز
خورماتوو: 93 حەوز
سەلاحەدین: 2933 حەوز
دیالە: 743 حەوز
بەغدا: 2144 حەوز
نێوان دووڕووبار: 804 حەوز
واست: 52 حەوز
میسان: 250 حەوز
زیقار/ بەشی دیجلە: 43 حەوز
بەسرە: 189 حەوز
کۆی گشتی: 8481 حەوز
رێڕەوی فورات
ئەنبار: 114 حەوز
فەللوجە: 3 حەوز
مسەیب: 304 حەوز
کەربەلا: 37 حەوز
نەجەف: 28 حەوز
دیوانییە: 22 حەوز
موسەننا: یەک حەوز
زیقار/بەشی فورات: 12 حەوز
کۆی گشتی: 1529 حەوز
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ