لە واست پاسێک وەرگەڕا و پێنج زیارەتکاری شیعەی ئێرانی گیانیان لەدەستدا و 16ش بریندارن

28-08-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر رێگەیەکی پارێزگای واست پاسێکی زیارەتکارانی شیعەی ئێران وەرگەڕا، بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکەش بریندار بوون. 
 
ریاز عگێلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای واست رۆژی دووشەممە 28-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەسەر رێگەی قەزای عەزیزییە پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی وەرگەڕا و بەهۆیەوە پێنج زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکە برینداربوون.
 
ریاز عگێلی گوتی، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاریی زەهرا کران لە شاری کوت-ی ناوەندی پارێزگای واست و ئێستا چارەسەریان بۆ دەکرێت، کە تەندروستیی بەشێکیان ناجێگیرە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە 28-08-2023  بڵاویکردەوە، دوو ملیۆن و 500 هەزار زیارەتکاری شیعەی ئێرانی چوونەتە عێراق بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن.
 
کۆمەڵەی هۆتێلەکانی کەربەلا رایگەیاند، هەزار هۆتێل لە شاری کەربەلا هەن، کە 600ـیان گەشتیارین و ئەمساڵ زیارەتکار لە 80 وڵاتەوە هاتوون.
 
لە رۆژی 18ی ئەم مانگەوە پرۆسەی هاتنی زیارەتکارەکان لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستیپێکردووە، رۆژی یەکشەممە 27-08-2023 سالار تەحسین، بەرپرسی نشینگە و پاسپۆرت لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا سەرووی 14 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوون، تەنیا رۆژی شەممە 26-08-2023 بە زیارەتکار و ئەوانەی بۆ مەبەستی دیکە هاتووچۆیان لەو دەروازەیەوە کردووە، نزیکەی شەش هەزار کەس بوون.
 
بەرپرسی نشینگە و پاسپۆرت لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران گوتی، رۆژانە 30 بۆ 40 هەزار گەشتیاریش بێن، کێشەیان نابێت و سەرووی 55 کۆمپیوتەریان هەیە، لە 25ی مانگیشەوە هاتنی زیارەتکاران بە لێشاو دەستیپێکردووە.
 
ئیمامی حوسێن، کوڕی ئیمامی عەلی، چوارەم جێنشینی پەیامبەری ئیسلامە، ساڵانە لە یادی چلەی ماتەمینییەکەیدا، شیعەکانی جیهان روو لە عێراق دەکەن بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکان کە لە کەربەلا بەڕێوەدەچن. ساڵانە نزیکەی 4 بۆ 5 ملیۆن ئێرانیش بۆ ئەو مەبەستە، سەردانی عێراق دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.