رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسێدارەدانی سێ لە ئەنجامدەرانی تەقینەوە خوێناوییەکەی ناوچەی کەڕادەی شاری بەغدای بە کەسوکاری قوربانییان راگەیاند.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران ئەمڕۆ دووشەممە 28-08-2023 لەگەڵ کەسوکاری قوربانییانی تەقینەوەکەی سەرەتای مانگی تەممووزی 2016ی ناوچەی کەڕادەی شاری بەغدا کۆبووەوە کە بەهۆیەوە سەتان کەس کوژران و بریندار بوون.
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی راگەیاندن، "شەوی رابردوو و بەیانیی ئەمڕۆ تۆڵەی دادپەروەرانە و حوکمی لەسێدارەدان بەسەر سێ لەو تاوانبارە سەرەکییانەدا جێبەجێ کرا، کە بەشدارییان لە تاوانی تەقینەوە تیرۆریستییەکەدا کردبوو."
سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ دوودڵی ناکەین لە جێبەجێکردنی هەر سزایەکی دادپەروەرانە دژی ئەوانەی بە تاوانی تیرۆر تاوانبارن."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوێی لە داواکارییەکانی کەسوکاری قوربانییان و شەهیدان گرت و فەرمانی کرد بەدواداچوون بکرێت بۆ پێداویستییە تایبەتەکانیان لەگەڵ نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی کە رێگرن لە جێبەجێکردنیان.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 03-07-2016، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە گەڕەکی کەڕادە لەکاتی کۆبوونەوەی خەڵک بۆ پارشێو لەبەردەم خواردنگەیەکی بەغدا تەقێندرایەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کە رۆژی 07-07-2016 بڵاویکردەوە، بەهۆی تەقینەوەکەوە 292 کەس کوژران کە 115 تەرم رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە و 177ی دیکە نەناسراونەتەوە و دەبێت پشکنینیان بۆ بکرێت تاوەکو رادەستی کەسوکارەکەیان بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ