رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانیە گەیشتە پارێزگای نەینەوا. نووسینگەکەشی دەڵێت، بڕیارە سوودانی سەردانی کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە بکات.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوەوە، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە (28-09-2023) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە نەینەوا. سەردانەکە بۆ هەڵوەستەکردنە لەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قەزای حەمدانیە و سەردانی برینداران و کەسوکاری قوربانییان.
شەوی سێشەممە 26ی ئەیلوولی 2023، لە هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانیەی سەر بە پاریزگای نەینەوا کە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوەی تێدا هەبووە، ئاگرێک کەوتەوە. بەوهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون.
دوای رووداوەکەی قەزای حەمدانیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند و لیژنەیەکیشی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنا. پارێزگای نەینەوا یەک هەفتە ماتەمینیی راگەیاند و لە هەرێمی کوردستانیش سێ رۆژ ماتەمینی راگەیێندرا.
رۆژی چوارشەممە 27-09-2023، عەبدولئەمیر شممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق چووە شوێنی رووداوەکە و دواتر رایگەیاند، "لە ماوەی 72 کاژێردا ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی قەزای حەمدانیە ئاشکرا دەکرێن، دواتر ئەنجامەکان دەخرێنە بەردەم سەرۆکوەزیران بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی کەمتەرخەمن."
وەزیری ناوخۆی عێراق گوتیشی: "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و دەریدەخەن هیچ مەرجێکی سەلامەتی لەو هۆڵەدا نەبووە."
عەبدولئەمیر شممەری ئاشکرایکرد، دەزگە ئەمنییەکان 14 کەسیان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا 10 کرێکار، خاوەنی هۆڵەکە و سێ کەسی دیکە کە بە گڕدانی یارییە ئاگرینەکان لە کاتی رووداوەکە تۆمەتبارن کە "بووە هۆی گیانلەدەستدانی 94 کەس و زیاتر لە 100 بریندار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ